حوکمی لەسێدارەدانی "مەحیەدین ئیبراهیمی"، زیندانیی سیاسیی کورد لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە

17:43 - 1 خەرمانان 2720

حوکمی ئێعدامی "مەحیەدین ئیبراهیمی"، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی "ئاڵکاوێـ"ـی شاری شنۆ، لە لقی ١٩ی دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو زیندانییە سیاسییە لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە تۆمەتی بەغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران بە ئێعدام مەحکووم کراوە و ئەو حوکمەش لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کراوەتەوە".

ئەو سەرچاوەیەش ئەوەشی خستەڕوو: "دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، پاش پشتڕاستکردنەوەی حوکمەکە لە دیوانی باڵای وڵات، بۆ دادگای شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو زیندانییە ڕەوانە کراوەتەوە".

ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ دووەمین جار لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە ئێعدام مەحکووم کراوە و ڕۆژی شەممە ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ٩٨، بانگهێشتی بەشی مەدەدکاریی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراوە و حوکمەکەیان پێڕاگەیەندرابوو.

حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧ لە دیوانی باڵای وڵات پێشێل کراوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوە بۆ لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێ کرابوو.

بەدواداچوونی دووبارە بۆ دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی "شێخلو" بەڕێوە چووە و ناوبراو بە تۆمەتی "بەغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران" جارێکی دیکە بە ئێعدام مەحکووم کراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ١٢ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٦، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار و دواتر دەسبەسەر کرابوو.

پاش برینداربوونی بۆ نەخۆشخانەی ورمێ ڕاگوێزرا و بەبێ تەواوکردنی دەوا و دەرمانەکەی بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای سەیدوشوهەدای ورمێ گوازرایەوە و بە تۆمەتی "هاوکاری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" لێپرسینەوە و ئازار و ئەشکەنجە درابوو.

٢٩ی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، دادگایی کردنی مەحیەدین ئیبراهیمی لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو"، بەبێ هەبوونی پارێزەر بەڕێوە چوو و ڕۆژی یەکی مانگی ڕەزبەر بڕینەوەی حوکمی ئێعدام بە تۆمەتی "هاوکاری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران"، بە شێوەی فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

ساڵی ٨٩ ئەم هاوووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی " ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر و پاش تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی شاری ورمێ ئازاد کرابوو.

هەروەها ساڵی ٩٦، برایەکی ئەم زیندانییە سیاسیە کوردە بە ناوی "نوورەدین ئیبراهیمی" بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە کاتی کاسبیکردن گیانی لەدەست دابوو.

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە خێزاندار و هەنووکە لە بەندی ١٢ی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگیراوە.