حوکمی سێدارەی "هوشمەند عەلی‌پوور" هەڵوەشایەوە

13:24 - 25 خەرمانان 2720

بنەماڵەی "هوشمەند عەلی‌پوور"، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی زیندانی سنە، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک باسیان لە هەڵوەشاندنەوەی لەسێدارەدانی کوڕەکەیان لە دیوانی باڵای وڵاتدا کرد.

لەو بەیاننامەیەدا، هاتووە: "ئێمە وەک بنەماڵەی هوشمەنەد عەلی‌پوور بە هەموو خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و جیهان ڕادەگەیەنین کە سەرەڕای داسەپاندنی حوکمی ئێعدام بەسەر کوڕەکەماندا، (هوشمەند عەلی‌پوور) لە ڕێکەوتی ٨ی بەفرانباری ساڵی ٩٨، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری سنە، لە دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشایەەوە و ئەو حوکمە لەسەر دۆسیەکەی هوشمەند نەما".

بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە لەو بەیاننامەیەدا، ڕایانگەیاندووە: "ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەرمانانی ساڵی ٩٩، پارێزەرەکانی هوشمەند بە بنەماڵەکەمان ڕایانگەیاندووە کە لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سنە، بەوان ڕاگەیەندراوە کە حوکمی لەسێدارەدانی هوشمەند هەڵوەشاوەتەوە. جوانمەردی پارێزەری هوشمەند بە ئامادەبوون لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی سنە و دیتنی حوکمی دیوانی باڵای وڵات لەسەر دۆسیەکەی لەمەڕ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی هوشمەند، ئەو هەواڵەی بە بنەماڵەکەمان ڕاگەیاند. دادگاییکردنی هوشمەند بڕیارە هەتا چەند ڕۆژی دیکە واتە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ٩٩، لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری سنە بەڕێوە بچێت".

بنەماڵەی عەلی‌پوور پێداگرییان کردووە کە لە ڕێکەوتی ١٢ی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، هوشمەند دەسبەسەر و بە تۆمەتی خەباتی چەکداری تۆمەتبار کرابوو، لە کاتێکدا هیچ بەڵگەیەک لەسەر کوڕەکەیان بۆ ئەو تۆمەتە بوونی نەبووە و تەنیا بە پشتبەستن بە دانپێنانی زۆرەملێ کە لە هوشمەند وەرگیرابوو، ئەو حوکمەیان داسەپاندبوو.

دادگای ئینقلابی شاری سنە، "هوشمەند عەلیپوور"، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سەردەشتی بە لەسێدارەدان و "محەممەد ئوستا قادر" خەڵکی شاری سەقزی بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی بەفرانباری ٩٨، ئەو حوکمە بە بنەماڵەی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە ڕاگەیەندرابوو.

"محەمەمد ئوستا قادر"، ڕێکەوتی ٢ی بانەمەڕی هەمان ساڵ، بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، ٩ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، بە تۆمەتی "بغی" بە بەشداریی "عەلی ساکنی"، پارێزەری دۆسیەکەیان لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، دادگایی کران.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، ١٢ی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ١٠٨ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانیان، ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ بۆ قەرەنتینەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگوێزران و ئەو دوو زیندانییە سیاسییە دواتر ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ساڵی ٩٧ بۆ زیندانی ناوەندیی شاری سنە ڕاگوێزران.

پاش دەسبەسەرکردنی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە، دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئێران دانپێدانانی زۆرەملێی ئەو دوو زیندانییە کوردەیان بڵاو کردەوە، دواتر بنەماڵەی ئەو دوو زیندانییە ڕایانگەیاند کە ئەو دانپێدانانە لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتدا بووە.