حوکمی زیندانیی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ورمێ کەم کرایەوە

11:03 - 17 گەلاوێژ 2720

حوکمی ۳ ساڵ زیندانیی تەعزیریی "محەمەدشەریف سالم"، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ، بۆ ساڵێک و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

به وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، حوکمی ئەو زیندانییە سیاسییە بەپێی گەڵاڵەی دوو فەورییەتی کەم کراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "ئەو زیندانییە سیاسییە ماوەی ۱۱ مانگ لە زیندانییەکەی تێپەڕاندووە و تەنیا حەوت مانگی ماوە کە ئازاد بکرێت".

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە خەڵکی گوندی "دزە"ی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێیە و مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو و بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانی ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٩ی پووشپەڕ، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە پاش تەواوبوونی ماوەی مەرەخەسییە دەرمانییەکەی، بۆ بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەلی شێخلوو" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

دادگای ئینقلابی ورمێ ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە پشتبەستن بە مادەی ٤٩٩ی یاسای سزای ئیسلامی، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کردبوو.

حوکمی ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیریی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، بە ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە و ڕۆژی یەکشەممە ٨ی بەفرانباری ساڵی ٩٨، لە زیندان ئەو حوکمە بەو هاووڵاتییە کوردە ڕاگەیەندرا.

"محەممەد شەریف سالم" ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ساڵی ٩٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش چوار ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.