حكوومەتی توركیە ژمارەیەكی بەرچاو لە كوردەكانی ئەو وڵاتەی دەستبەسەر كرد

14:04 - 24 بەفرانبار 2711
كوردپا: پۆلیسی توركیە لە شارەكانی كوردستانی توركیە ژمارەیەكی بەرچاو لە هاووڵاتییانی كوردی دەستبەسەر كرد و هاوكاتیش ماڵ و نووسینگەی لەیلا زانا لەلایەن پۆلیسەوە پشكێنرا.

رۆژنامەی \"تودەی زمان\" بڵاوی كردەوە، لە ئەنجامی ئەو شەپۆلە رەش بگیرییەدا زیاتر لە 30 هاووڵاتیی كورد دەستبەسەر كراون و زۆربەی ئەو دەستبەسەر كراوانە سەر بە پارتی ئاشتی و دێموكراسی بوون.

هاوكات لەگەڵ ئەو دەستبەسەر كردنانەدا، پۆلیسی توركیە چوونەتە ماڵی لەیلا زانا پارلەمانتاری كورد لە سەر بە لیستی \"BDP \" و دەستیان بە پشكنین كردووە.

بە وتەی پۆلیسی توركیە ئەو هەڵمەتە دەستبەسەر كردنە بە دژی ئەندامانی پارتی \"نایاسایی\" كەجەكەوە بووە.

هەر لەو پێوەندییەدا پارتی بەدەپە و كەجەكە ئەو هەوڵەی پۆلیسی توركیەیان لە پێوەندیی دەستبەسەر كردنی ئەو هاووڵاتییە كوردانە مەحكووم كردووە.

لە نێو دەستبەسەر كراوەكاندا \"تونجەر باقرخان\" لە ئەندمانی بەڕێوەبەریی بەدەپە و فاتمە كورتاڵان نوێنەری پێشووی وان لە پارلەمانی توركیە وەبەر چاو دەكەون.

لێپرسراوانی ئەمنیەتیی توركیە لەو باوەڕە دان لە ساڵی 2009 وە هەتا ئێستا زیاتر لە700 كەسیان بە تاوانی پێوەندیی لەگەڵ كەجەكە دەستبەسەر كردووە.

لەلایەكی دیكەوە بەرپرسانی ئەو پارتە و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی كورد لە توركیە رایانگەیاندووە، لەو ماوەیەدا زیاتر لە سێ‌ هەزار هاووڵاتیی كورد لە توركیە دەستبەسەر كراون.