حوسێن ئەحمەدی‌نیاز: گوشار ڕەوانییەکانی ناوەندەکانی ئەمنییەتی و دادسەرای ئینقلاب لەسەر بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور نایاساییە، دژی تەواوی پێوەرەکانی مرۆیی و ئیخلاقییە

13:43 - 21 جۆزەردان 2720

"حوسێن ئەحمەدی‌نیاز"، مافناس و پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری لە وتووێژێک لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا سەبارەت بە دوایین بارودۆخی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ڕایگەیاند: "زیاتر لە مانگێکە کە هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە. سێ ڕۆژ پێش دادسەرای شنۆ بە باوکی هیدایەت عەبدوڵڵاپووری ڕاگەیاندووە کە سەردانی بەڕێوەبەری تاوانەکان لە دادسەرای ئینقلابی ورمێ بکات. دوو ڕۆژ پێش باوکی هیدایەت پاش سەردانی ئەو ناوەندە، سەرەتا پێی ڕادەگەیەنن کە ئێمە هیچ ئاگادارییەکمان نییە. بەڵام ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی جۆزەردانی ٩٩،  سەردانی بەرێوەبەری تاوانەکانی دادسەرای ورمێ  دەکات و ئەوان بەبێ شەرمانە ڕادەگەیەنن کە حوکمی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ٢٠ ڕۆژ پێش لە بەڕێوەبەری تاوانەکانی دادسەرای ئینقلابی شاری شنۆ، جێبەجی کراوە".

ناوبراو هەروەها دەڵێت: "گوشارە ڕەوانەییەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکام و دادسەرای ئینقلاب لەسەر بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور نایاساییە و دژی تەواوی پێوەرەکانی مرۆیی و ئیخلاقییە".

"ئەحمەدی‌نیاز" ڕایگەیاندووە: "هاوکارانی بەڕێزی من؛ پارێزەر مازیار تاتایی و پارێزەر عوسمان موزەیەن بە بەردەوامی بەدواداچوونیان کردووە بەڵام تەنانەت یەک هەواڵی ڕاست کە دادسەرا بە پارێزەرانی دابێت، نەداوە. ئەو هەڵسوکەوتانە لەگەڵ هیچ کام لە یاسا و پێوەرەکانی ماف ناگونجێت".

ئەو پارێزەرەی پایە یەک باسی لەوەش کرد، من وەکوو یەکێک لە پارێزەرانی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ئەو شەڕە ڕەوانی و دژە ئینسانییەی ناوەندە ئەمنییەتی و دادسەرای ئینقلاب لەگەڵ بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور مەحکووم دەکەین. ئەگەر حوکمی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور جێبەجێ کرابێت، جینایەتێک ئەنجام دراوە و دەبێ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بەدواداچوون بکەن.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕ، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، زیندانیی سیاسیی مەحکوومکراو بە ئێعدام، لە زیندانی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و دادگوستەریی ورمێ و ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، خۆیان دەبوێرن.

"هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"، زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام، خەڵکی شاری شنۆ، ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ٩٥، دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٧٤ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ بۆ وەرگرتنی دانپێنانی زۆرەملێ لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بوو.

"هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکەی لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەری ساڵی ٩٥، بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٥ی هەتاوی، لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ، حوکمی ئێعدامی بە تۆمەتی "بغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بەسەر "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" سەپاند.

 ئەو حوکمە لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرابووەوە و دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە دووبارە ڕەوانەی لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ کرابوو.

دادگاییکردنی دووبارەی ئەو زیندانییە سیاسییە مەحکووم کراوە بە ئێعدام، ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ساڵی ٩٦، بە ئامادەبوونی نوێنەری دادستانی شاری ورمێ بەڕێوە چوو و ناوبراو بۆ دووهەمین کەڕەت بە ئێعدام مەحکووم و ئەو حوکمەش ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانباری هەمان ساڵ بەو زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەندرابوو.

دۆسیەی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" پاش بڕینەوەی حوکمەکەی لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ ڕەوانەی لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات کرابوو و ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ٩٧، پشتڕاست و حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا.

پێشتریش، یەکێک لە نزیکانی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" سەبارەت بە وردەکاریی ڕەوتی دادگاییکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاندبوو: "پاش ئەوەی کە حوکمی ئێعدامی هیدایەت لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرایەوە و نێردرایەوە بۆ دادگای ورمێ، هیدایەت لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ئەو شارە دادگایی کرا و بۆ دووهەمین جار لەسەر داوای حیفازەت ئیتلاعات، دادگا حوکمی ئێعدامی بەسەر ئەو زیندانییە سیاسیە کوردەدا سەپاند".

دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، هەنووکە لە کۆمیسیونی لێبووردن و لێخۆشبوونی شاری ورمێدایە.