تەقینەوەی مین لە پیرانشار قوربانیی لێکەوتەوە

13:47 - 22 جۆزەردان 2720

ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ستار ئەسغەری" کوڕی عەبدوڵڵا خەڵکی گوندی "لک‌بن" سەر بە بەخشی لاجانشاری پیرانشار، بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوو و چەند قامکی لاقی لەدەست دا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە کاتی ئاوداشتنی زەوی و زار تووشی ئەو ڕووداوە بووە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی نەغەدە کراوە.

ناوبراو بەهۆی قورسیی برینەکانییە، تووشی خوێنڕێژی بووە و چەند قامکی لاقی لەدەست داوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "حەیدەر عەلیاری" تەمەن ٣٠ ساڵ، لە بەرزاییەکانی پشت گوندی "سارداو" سەر بە شاری بانە، بەهۆی تەقینەوەی مین کەمئەندام بوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش ئەو ڕووداوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی "سەلاحەدین ئەیووبی" لە شاری بانە کراوە و قولاپەی پێی چەپی لەو ڕووداوەدا قرتابوو.