تەقینەوەی مین لە سەردەشت قوربانیی لێکەوتەوە

16:14 - 17 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی ناوچەی سەردەشت بەهۆی تەقینەوەی مین بەسەختی بریندار بووە و بەو هۆیەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە رێکەوتی ١٧ی رەشەممە هاوڵاتییەکی خەڵکی گوندی بێوران بەناوی \"عەبدوڵڵا بێورانی\" کوڕی ئەحمەد لەنزیک قەلەڕەشەی سەردەشت كەوتۆتە سەر مین‌ و بە توندی بریندار بووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندوو، ئەو هاووڵاتییە بە هۆی تەقینەوەی \"مین\"ی بەجێماو لە کۆنەپایەگاکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بریندار بووە.

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند: دەست و دەم و چاوی عەبدوڵلا بێورانی بەتوندی برینداربووە و بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی شاری \"قەڵادزێ\" لە هەرێمی کوردستان کراوە و هەنووکە لەژێر چاودێری پزشكی دایە.

لەلایەکی دیکەوە سەر لە ئێوارێی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٦ی رەشەممە کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی \"بێورانی خوارێ\"ی سەردەشت بەناوی \"کەریم محەممەدپوور\" کەوتۆتە سەر مینە چێندراوەکانی سەر سنوور و لە ئەنجامدا یەکێک لە لاقەکانی خۆی لەدەست داوە.