بەیاننامەی ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی بۆکان بەبۆنەی کۆچی دوایی "بەیان عەتاری"

12:26 - 12 خەرمانان 2720

ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی بۆکان بەبۆنەی کۆچی دوایی ژینگەپارێز و شاخەوان "بەیان عەتاری" بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.

دەقی ئەو بەیاننامەیە بەم چەشنەیە:

بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە هەواڵی ناهومێدی له چاک بوونەوەی خوشکی ئازیز و خۆشەویستمان خاتوو "بەیان عەتاری" ڕاگەیەندراوە و هەموو لایه‌کمانی تووشی خەم و پەژارە کردووە و له هەمان‌ کاتیشدا هەڵوێستێکی مرۆڤانە و جێگای ڕێز و حورمەتی ئەو خوشکە خۆشەویستەشمان کە بریتییە له "پێشکەشکردنی ئەندامەکانی جەسته‌ی" هه‌موومانی وا لێ کردووە کە سەری ڕێز و نەوازشی بۆ دانەوێنین.

دیارە ئەرک و کاری گەورە هەر له مرۆڤی مەزن و گە‌ورەش دەوەشێتەوە و ئەو خوشکە بەڕێزەشمان بۆ جارێکی دیکە وەبیر هەموو لایەکی هێنایەوە کە دەکرێت به گیانی فیداکاری و کاری ئاوا مەزن، هەڵوێستی جێگای شانازی بخولقێنین و وەپێشمان کەوت کە دەتواندرێت خۆمان و ژیانمان پێشکەش بە بارەگای بەرزی مرۆڤایەتی بکەین.

بنەماڵە و هاوڕێیان و دۆستانی خوشکە بەیان! وێڕای دەربڕینی ئەوپەڕی پێناخۆش بوونی خۆمان لەو کارەساتە جەرگبڕ و ناخ هەژێنە، ڕادەگەیەنین کە هەڵوێستی مەزن و ئینسانانەی دەکەینە سەرمەشقی ژیانمان و ئێمەش بە ڕێگای هەمیشە سەوزیدا دەڕۆین و یادی ئازیز و خۆشەویستی هەمیشە له دڵماندا سەوز و زیندوو ڕادەگرین.

ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی بۆکان