بەڵێنییەكانی شارەوانیی سەقز بە كاسبكارانی بازاری قازاخانە جێبەجێ‌ نەكراوە

16:16 - 27 رێبەندان 2711
كوردپا: سەرەڕای دانی بەڵێنی لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەكانەوە بە كاسبكار و دووكاندارەكانی بازاری قازاخانەی شاری سەقز، هەتا ئێستا كێشەكانیان چارەسەر نەكراوە و هەروەك خۆی ماوەتەوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە سەقز، بازاری قازاخانە ( رۆژ) زیاتر لە 25 ساڵە لە شاری سەقز بوونی هەیە و كاسبكاران و دووكاندارەكان چەند ساڵ لەمەوبەر بە پارەی خۆیان دووكانیان ساز كردووە.

ئەو بازارە سەرەتا شوێنەكەی1800 میتری دووجا، بوو بەڵام لەم دواییانەدا شارەوانیی شاری سەقز بەڵێنی بە دووكاندارەكان دا كە2500 میتری دووجا بەو شوێنەی پێشوو زیاد بكەین و \"مجتمع تجاری\" لێ‌ درووست بكەن.

لە حاڵی حازردا نوێنەرانی بازاریانی قازاخانە داوای درووست كردنی دووكان بە رووبەری 12 میتری دووجا دەكەن، بەڵام لێپرسراوان پێیان راگەیاندوون كە دووكانەكانیان زیاتر لە 7 میتری دووجا نابێت.

بە وتەی شایەتحاڵان دووكاندارەكان رازین كە تێچووی دووكانەكانیان بۆ خۆیان دابینی بكەن، بە مەرجێك كە 12 میتری دووجا بێت.

هەواڵنێری كوردپا ئاشكراشی كرد، دۆسیەی ئەو بازارە لە پاش چەندین جار لێكۆڵینەوە لە دادگا بە چارەسەر نەكراوی ماوەتەوە.
بازای قازاخانە یان بازاری رۆژ بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1362ی هەتاوی درووست كراوە.