بەڕێوەچوو یەکەمین دانیشتنی دادگایی کردنی برایانی کوردپوور + بەیاننامە

21:48 - 14 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: یەکەمین دانیشتنی دادگایی کردنی مەسعوود و خوسرەو کوردپوور بە سەرۆکایەتی دادوەر \"جەوادی کیا\" لە دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بەڕێوە چوو.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی کوردپوور بە هەواڵنیری کوردپای رایگەیاند، دادوەر دژایەتیی خۆی لەگەڵ دانانی بارمتە بۆ ئازادیی ئەو ٢ برا رۆژنامە نووسەر دەربڕیوە و هاوکات دانیشتنی دووەمی دادگایی کردنی برایانی کوردپووری بۆ ٢ مانگی دیکە دوور خستەوە.

رێکەوتی ١٧ و ١٩ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی خوسرەو و مەسعوود کوردپوور لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کران.

دەگوترێت پارێزەرانی برایانی کوردپوور و هەروەها کەماڵ حوسێنی هەواڵنێری ئاژانسی موکریان بەرەورووی فشاری ‌هێزە ئیتلاعاتییەکان بوونەتەوە و ئەگەری دەستبەسەر کرانیان بەدوور لە چاوەڕوانی نییە.

\"عەباس جەماڵی، عوسمان موزەیەن و نێعمەت ئەحمەدی\" ئەرکی پارێزەریی پەروەندی ئەو دوو برا رۆژنامەنووسە کوردەیان بە ئەستۆ گرتووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا خوازیاری ئازاد کردنی برایانی کوردپوور بووە و هەڕەشە کردنی بەرپرسانی ئەمنیەتی لە پارێزەری \"کوردپوورەکانی بە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤ لە قەڵەم داوە.

دەقی بەیاننامە:
برایانی کوردپوور لە زیندان ئازاد بکەن
هەڕەشە کردن لە پاریزەری کوردپوورەکان پێشێکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤە

خوسرەو و مەسعوود کوردپوور لە رۆژانی ١٧ و ١٩ی مانگی رەشەمەی ساڵی رابردوو لەلایەن هێــزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و پاش چەند مانگ راگیران لکە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ئیتلاعاتی سپای ورمێ بۆ زیندانی شاری مەهاباد گوازرانەوە. بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ١٤ی گەلاوێژ لە دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد دادگایی کراون.

بەم پێیە خوسرەو کوردپوور لەلایەن دادستانی گشتییەوە لە رێگەی \"١-هاوکاری کردنی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ پێکهێنانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی ٢- بێ حورمەتی کردن بەریبەری نیزام ٣- پڕوپاگەندە بەدژی نیزام و بڵاوکردنەوەی درۆ و بەمەبەستی تێکدانی رای گشتیی\" بە موحارب ناسراوە.

هەروەها لەو \" کیفرخواست\"دا کە بۆ مەسعوود کوردپوور دەرچووە، تاوانی ١- پێکهێنانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەدژی تەناهی نەتەوەیی ٢- بێ‌ڕێزی کردن بە رێبەری نیزام ٣- چالاکیی تەبلغیی بەدژی نیزام و شێواندنی رای گشتی\"ی دراوەتە پاڵ.

ئێمە وەک رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، وێڕای رەت کردنەوەی ئەو تاوانە بێ بنەمایانە کە ماوەی چەندین ساڵە لەلایەن بەرپرسانی ئەمنیەتی و دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لەمەڕ چالاکانی مافی مرۆڤ و رۆژنامەنووسانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێـران پەیڕەو دەکرێت، برایانی کوردپوور بە رۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤ دەزانین کە چالاکییەکی روون و ئاشکرایان لە چوارچێوەی رووماڵ کردنی هەواڵەکاندا بووە و داوای ئازدیی بێ ئەملاولای ئەو دوو رۆژنامەنووسە دەکەین.

هاوکات رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە ئەگەری دەستبەسەر کرانی \"کەماڵ حوسێنی\" هەواڵنیری ئاژانسی موکریان، هۆشداری دەداتە لێپرسراوانی ئەمنیەتی و هەڕەشە کردن لە \"عەباس جەماڵی، عوسمان موزەیەن و نێعمەت ئەحمەدی\" ٣ پارێزەری برایانی کوردپوور بە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤ لە قەڵەم ئەدات، ئەوەش لە حاڵێک دایە کە پێویستە پارێزەرەکان لە بواری ئەمنیەتی و دادوەرییەوە ئازاد و سەربەخۆ بن.

رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان
دووشەممە ١٤ی گەلاوێـژی ١٣٩٢
٥ی ئاگوستی ٢٠١٣