بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژیوای پاوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کرا

11:13 - 10 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی دووشەممە ٩ی پووشپەڕ، "ئاشنا حەسەنزادە"، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژیوای پاوە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعاتی پاوە جگە لە بانگهێشتکردن و لێپرسینەوە لە "ئاشنا حەسەنزادە"، هەڕەشەیان لە ئەندامانی دیکەی ئەو ئەنجومەنە ژینگەییە کردووە کە لە هەر جۆرە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم بۆ شەهیدانی ژینگەی پاوە، خۆیان ببوێرن.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، بڕیار بووە کە تەرمی شەهیدان "موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی" پێکەوە لە یەک شوێندا بنێژرێن، بەڵام لەسەر بڕیاری پێشنوێژی هەینیی پاوە و ئیدارەی ئیتلاعات، تەرمی هەر سێ لە چالاکانی ژینگەپارێز، بۆ شوێنی لەدایکبوونی خۆیان ڕەوانە کراوە و نێژراون.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "یەکێک لە دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەت هەڕەشەی لە بنەماڵەی چالاکانی شەهیدی شاری پاوە کردووە کە بۆیان نییە ڕێوڕەسم و سەرەخۆشییان بۆ بگرن".

ڕۆژی ڕابردوو، ئیدارەی ئیتلاعاتی پاوە بنەماڵەی شەهید "موختار خەندانیـ"ـیان خستبووە ژێر گوشارەوە کە دەبێ دەستبەجێ و پێش لە دەرکەوتنی خۆر، تەرمی ئەو ژینگەپارێزە ئەسپەردەی خاک بکەن و بە شەو نێژاربوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەر، سێ چالاکی ژینگەپارێزی بە ناوەکانی "موختار خەندانی"، وتەبێژ و ئەندامی هەیئەتی دامەزرێنەران و ئەندامی کۆمیتەی قەیرانی ئەنجومەنی ژیوای پاوە و هەروەها "بیلال ئەمینی" و "یاسین کەریمی"، لە ئاگرەکانی ناوچەی مەرەخێڵ و بۆزینی پاوە گیانیان لەدەست دا.