بەهۆی تەقینەوەی گازی "کۆلۆر" لە ئیلام ٢١٧ کەس بریندار بوون

11:06 - 15 خەرمانان 2720

پاشنێوەڕۆی ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانان، بەهۆی تەقینەوەی کەپسوولی ٨٠٠ کیلۆیی گازی کۆلۆر لە گوندی "زەنجیرەی سەرەوە"ی شاری چڕداوڵ سەر بە پارێزگای ئیلام، ٢١٧ کەس بریندار بوون.

بەرپرسی زانکۆی زانستی پزیشکیی ئیلام لەوبارەیەوە ڕایگەیاند: "پاش تەقینەوەی کەپسوولی گازی کۆلۆر لەو گوندە، ٩١ کەس لە برینداربووەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەی خومەینی لە شاری ئیلام کراون".

"محەممەد کەریمیان" هەروەها ڕایگەیاند: "پاش ئەو ڕووداوە، نەخۆشخانەکانی پارێزگای ئیلام، هەموو لە حاڵەتی ئامادەباشدان".

بە وتەی ناوبراو، ١٥ کەسی دیکە ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئیمام عەلی لە شاری سەرئاوڵە کراون.

بەرپرسانی حکوومەت هۆکاری تەقینەوەی ئەو کەپسوولە گازەیان بۆ کەمتەرخەمیی شوفیری بارهەڵگرەکە گەڕاندەوە.

شاری چڕداوڵ ناوەندی شاری سەرئاوڵەیە و لە ٣٠ کیلۆمیتریی ئیلام هەڵکەوتووە.