بەرپرسی ئیدارەی پەروەردەی بۆکان هەڕەشەی لە مامۆستا و فەرمانبەران کرد

15:48 - 22 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری بۆکان هەڕەشەی دەرکردنی لە سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەرانی ئەو ئیدارەیە کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، \"الف. ر\" بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری بۆکان بە مەبەستی بەشداری کردنی مامۆستا و فەرمانبەرانی ئەو ئیدارەیە لە رێپێوانی ٢٢ی رێبەندان، هەڕەشەی لە مامۆستا و فەرمانبەران کردووە و پێی راگەیاندوون لە ئەگەری بەشداری نەکردنیان لەو رێپێوانەدا سەرلە نوێ لەلایەن بەشی \"گزینش\"ی ئەو ئیدارەیەوە پێداچوونەوە بە هەڵبژاردنیاندا دەکرێت.

ئەو بەرپرسەی ئیدارەی پەروەردەی شاری بۆکان رایگەیاندووە، کە لەسەر چوارڕێیان و خاڵە سەرەکییەکانی شار، دەست و پێوەندییەکانی خۆی جێگیر کردووە و سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەران دەخرێنە ژێر چاوەدێرییەوە و لە ئەگری بەشداری نەکردنیان بە توندترین شێوە سزا دەدرێن.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا و لەبەرەبەری ٢٢ی رێبەندان ساڵڤەگەڕی شۆڕشی گەلانی ئێران، زۆربەی شارە کوردنشینەکانی بە هێزی نیزامی میلیتاریزە کردووە و سەرجەم جوڵە و بزاوتی هاووڵاتییان لەلایەن ئەو هێزانەوە بە وردی کونتڕۆڵ دەکرێن و زۆربەی شوێنە گشتییەکان \"کامێرای چاوەدەێری\"یان دامەزراندووە.