بەرپرسی کانوونی پارێزەرانی کرماشان و ئیلام: بانگهێشتی کۆبوونەوەکانی سادق لاریجانی نەکراین

16:04 - 10 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: بەپرسی دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هاوڕێ لەگەڵ شاندێکی پێکهاتوو لە ئەندامانی پلەبەرزی ئەو ناوەندە حکوومەتییە و نوێنەرانی مەجلیسی ئیسلامیی ئێران، سەردانی ئوستانی کرماشانیان کرد.

رۆژی سێ‌شەممە، رێکەوتی ٦ی رەشەمە سادق لاریجانی گەیشتە شاری کرماشان و بە وتەی خۆی ویستوویەتی لە نزیکەوە لەگەڵ \"کێشە قەزاییەکان و ئاکاری دەزگای دادوەری لەو ئوستانە\" ئاشنا بێت.

بەرپرسی گشتیی دەزگای دادوەریی ئوستانی کرماشان رایگەیاند: دادگوستەریی ئوستانی کرماشان بە ٢١٩ دادوەر و ٨٠٠ فەرمانبەر بەڕێوە دەچێت، کەلە بەشی قەزایی‌دا لەگەڵ ٣٧% و لە بەشی ئیداریشدا ٤٠% کەمیی هێزی مرۆیی بەرەوڕوون.

عەلی موزەفەری رایگەیاندووە: لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا ٣٠ دادوەر لە دەزگای دادوەریی ئوستانی کرماشان چوونەتە دەرەوە و بە وتەی ئەو لێپرسراوەی دەزگای دادوەری لە ئوستانی کرماشان، ١٠٠٠ پەروەندەی پەیوەندیدار بە ماددەی ١٨ لە یاسای پێکهێنانی دادگاکاندا، ٤٣ دانەیان رەوانەی تاران کراون.

ماددەی ١٨ لە یاسای پێکهێنانی دادگاکانی شۆڕش و دادگا گشتییەکان باس لەوە دەکات، کە روانگەی دادگاکانی وەکوو شۆڕش، دادگا گشتی، نیزامییەکان و دیوانی باڵا جیا لە رێگەی پێڕاگەیشتن و ناڕەزایەتی دەربڕینی کەسی حوکم دراو لە جاری سێێەمدا، بەو شێوەیەی کە لە یاساکاندا هاتووە، پێداچوونەوەی پێدا ناکرێت، مەگەر لەو حاڵەتانەدا کە بەرپرسی دادگا گومانی ئەوەی هەبێت، کە بە پێچەوانەی شەرعی ئیسلام دادگایی کردنێک ئەنجام درابێت یان حوکمێک دەرچووبێت.

سەبارەت بەو سەردانەی سادق لاریجانی بۆ ئوستانی کرماشان، ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەگەڵ بەرپرسی ئەنجومەنی پارێزەرانی کرماشان و ئیلام دیمانەیەکی پێکهێناوە:

\"18535.jpg\"
شەهاب تەجەری، بەرپرسی ئەنجومەنی پارێزەرانی ئوستانەکانی کرماشان و ئیلام
شەهاب تەجەری کەمیی پێرسونێل و فەرمانبەری پشتڕاست کردەوە و گوتی: سەبارەت بە پەروەندە داخراوەکان، دەبێ کەمێک بە وردییەوە سەیری بکەین و بەداخەوە لەم پرۆسەیەدا چۆنایەتی بۆتە قوربانیی چەندایەتی، بۆیە ئەمە زۆر جێگەی داخە.

ئەو پارێزەرە سەبارەت بە وتەکانی بەرپرسی گشتیی ئوستانی کرماشان لەمەڕ خێرایی پێڕاگەیشتن بە دۆسییە قەزاییەکان لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا هەڵوێستی نواند و گوتی: بەداخەوە داوەرەکان چۆن پێڕاگەیشتن بە پەروەندەکانیان کردۆتە قوربانیی پێڕاگەیشتن بە چەند پەروەندەدا و ئەم خێراییەش دەبێتە هۆی ئەوەیکە هەڵە و کەمووکۆڕی لە دەرکردنی حوکمدا، بێتە ئاراوە.

بەرپرسی ئەنجومەنی پارێزەرانی ئوستانەکانی کرماشان و ئیلام باسی لە ئامارگیریی لە دادگاکاندا کرد و روونی کردەوە: دادوەرەکان بە چەندین هۆکار دەبێ ئامار بخەنەڕوو و ئەم زۆرەملییەش راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر چۆنایەتیی کاری دادوەرەکان و تەنانەت بە ئەزمون‌ترین دادوەرەکانیشدا دەبێت.

تەجەری لە درێژەدا باسی لەوەش کرد؛ دابەزینی چۆنایەتیی کاری دادوەرەکان بە تایبەت لە دادگاکاندا زۆر دیار و بەرچاوە، کە ئەمە بۆ بێ ئەزموونیی ئام کەم ئەزموونیی بازپۆرس و بریکارەکان دەگەرێتەوە.

ناوبراو لە وڵامی پرسیارێکدا، کە ئەو بێ ئەزموونییە لە پرۆسەی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکاندا زیاتر لەسەر کام تاوان کاریگەریی هەیە، رایگەیاند؛ بەهۆی ئەوەیکە لەو دۆسییەکاندا کە لایەنی سزادانی هەیە، بنەمای دەرکردنی حوکم لەسەر چۆنیەتیی پێڕاگەیشتنی دادگاکانە و دانانی دادوەری تازەکار و لاو لە دادگاکاندا هۆکاری زیادبوونی هەڵەی دادوەرین، کەوابوو زۆرترین هەڵە لەم بوارەدا روو ئەدات.

ئەو پارێزەرە لە درێژەدا وێڕای رەخنەگرتن لەوەیکە ئەنجومەنی پارێزەران بانگهێشتی کۆبوونەوەکانی سادق لاریجانی لەو سەفەرەدا نەکراوە گوتی: زۆر بەداخەوەم لەوەیکە ئێمە وەکوو داکۆکیکارانی مافی هاووڵاتییان و بەشێکی جیانەکراوە لە دەزگای دادوەری بانگهێشت نەکراوین و ئەمەش لەسەر پرۆسەی دادگایی کردنی عادڵانە کاریگەریی راستەخۆی دەبێت.

شەهاب تەجەری لە کۆتاییدا بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای راگەیاند؛ پارێزەران و ئەنجومەنی پاریزەران پەیوندیی زۆر نزیکیان لەگەڵ دەزگای قەزایی هەیە و لە هەمان کاتیشدا سەربەخۆ و بەدەر لە سیستەمی دادوەریدا کار دەکات و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەیکە بەسەر هەڵە و کەموکۆڕییەکاندا زاڵ بین، کە بەداخەوە وەک دەبینین لە سەفەرەکەی ئاغای لاریجانیدا ئەم خاڵە لەبەر چاو نەگیراوە.

لاریجانی لەوە سەفەرەدا، روو لە دادوەر و فەرمانبەرانی دادگاکانی ئوستانی کرماشان رایگەیاند: دەزگای قەزایی بەرەوڕووی کەمیی هێزی ئینسانی و پێرسونێل، کێشەی خۆشبژیوی بۆ فەرمانبەران و کەمکاریی دەوڵەت لە پێشکەش کردنی گەلاڵەی پێکهێنانی پۆلیسی دادوەری بۆتەوە.