بەرپرسی زیندانی ئێڤین بۆ موژگان کاووسی: هەتا ٥ مانگی دیکە مافی داواکردنی ئازادیی بێمەرجت نییە

11:23 - 23 رەزبەر 2720

پاش مانگرتنی "موژگان کاووسی"، لێکۆڵەر و نووسەری کوردی یارسانی، بەرپرسانی زیندانی ئێڤین پێیان ڕاگەیاندووە کە هەتا پێنج مانگی دیکە مافی داواکردنی ئازادیی بێمەرجی نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەپێی یاسا هەر مەحکوومکراوێک بە زیندان، پاش تێپەڕاندنی ٢ لەسەر سێی زیندانییەکەی دەتوانێت داوای ئازادیی بێمەرج بکات، هەتا ئێستا ئیمکانی داواکارییەکەی موژگان کاووسی لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە دەستەبەر نەکراوە.

پاش دژایەتیی بەرپرسانی زیندانی ئێڤین لەگەڵ پێشنیاری ئەو نووسەرە کوردە، بۆ نەشتەرگەری لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی دیکە، موژگان کاووسی لە ئەنجام دانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی تاڵقانی پاشگەز بووەوە.

ڕێژەیەکی زۆر لە تووشبووان بە کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی تاڵقانیی تاران خەوێندراون و بەو هۆیەوە ئەو نووسەرە کوردە لە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکەی لەو نەخۆشخانەیە پاشگەز بووەتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢ی ڕەزبەر، موژگان کاووسی نووسەر و لێکۆڵەری کوردی یارسانی لە گرتووخانەی ئێڤین، پاش ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانەی "تاڵقانیـ"ـی تاران بۆ پشکنینی پزیشکی لەسەر داوای دوکتورەکان، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا.

پێشتر پزیشکەکان ڕایانگەیاندبوو کە  ناوبراو دەبێ بە زووترین کات نەشتەرگەریی هموروئیدی بۆ بکرێت، بەڵام بەرپرسانی ئەو زیندانە بۆ نەشتەرگەرییەکەی هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەگرتبوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەرمانان، "موژگان کاووسی" بۆ جێبەجێکردنی نەشتەرگەری، لە زیندانی ئێڤینەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی "تاڵقانیـ"ـی تاران کرا، بەڵام تەنیا پشکنینی بۆ کرابوو.

ئەو نووسەرە کەلاردەشتییە، ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەرمانان، بەهۆی جێبەجێنەکردنی داخوازییەکانی وەکوو مەرەخەسی و هەڵاواردنی ڕەگەزی بە نیشانەی ناڕەزایەتی مانی لە خواردن گرتبوو.

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بانەمەڕ، "موژگان کاووسی" کە به ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندان مەحکووم کرابوو، بەپێی حوکمی "تەجمیع"، ٣٦ مانگی ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت و بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی هەینی ٢٦ی بانەمەڕ، "موژگان کاووسی" لە گرتە ڤیدیۆیەکدا باسی لە حوکمی دەسبەسەرکرانی بە جێگای بانگهێشتنامە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانیبوونەکەی کرد.

حوکمی ٦٩ مانگ زیندانیی ئەو نووسەرە کوردە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای مازەندەران بۆ ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی گۆڕدرا کە ٣٦ مانگی ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت.

دادگای ئینقلابی "نەوشەهر" لە چەندین مانگ پێشەوە، بێ هیچ ئاگاداری و پێڕاگەیاندنێک، حوکمی "ممنوع‌الخروجـ"ـی بۆ ئەم چالاکە کوردە یارسانییە دەرکردبوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی سەرماوەز "موژگان کاووسی" بۆ دادگای نەوشەهر بانگهێشت کرا و دادگا ئەوی بە ٦٩ مانگ زیندان مەحکووم کرد.

ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٩٨، ناوبراو لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا.

ئەم نووسەرە بە تۆمەتی "پشتیوانی کردن لە ناڕەزایەتییەکانی شارەکانی کوردستان" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا و دواتر بۆ گرتنگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ساری ڕاگوێزرا.

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، ئەو چالاکە کوردە بە بڕیاری دەسبەسەریی کاتی بۆ زیندانی نەوشەهر ڕاگویزرابوو.