بەرموور: پرژانە سەر ١٠ حاڵەت پێشلکردنی مافەکانی ژنان لەماوەی حەفتە رابردوودا

20:32 - 9 سەرماوەز 2713
حەفتەی یەکەمی مانگی سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەوتوویەی بەرموور دەپرژێتە سەر ٤ حاڵەت پێشلکردنی مافی ژنان لە کوردستان و ٦ حاڵەتی پێشلکردنی مافی ژنان لە شوێنەکانی دیکەی ئێران.

\"بەرموور\" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بدات.

راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور، ٤ حاڵەتی پێشلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە بریتییە لە هەڕەشەی دەستبەسەرکران لە ژنە چالاکێکی بۆکانی و ئازادیی ژنە چالاکێکی مەریوان و خۆکوژیی دوو ژن لە شارەکانی سەردەشت و سنە و هەروەها ٥ حاڵەت پێشلکردنی مافی چالاکانی ژن کە بریتین لە جێبەجێ کردنی حوکمی زیندانی ٤ چالاکی ژنی بەهایی و ناڕوونیی چارەنووسی مریەم شەفیع‌پوور لە شوێنەکانی دیکەی ئێراندا لەخۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

هەڕەشەی دەستبەسەر کردنی لە چالاکێکی فەرهەنگی خەڵکی بۆکان و ئازادیی کەژاڵ هوژەبری

لە ماوەی رۆژانی دەستپێکی مانگی سەرماوەزدا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان هەڕەشەی دەستبەسەرکردنی لە چالاکێکی فەرهەنگیی ئەو شارە کردووە و کەژال هوژەبریش بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کرا.

\"17111.jpg\"
کەوسەر فەتاحی، چەندین جار تەلەفۆنیان بۆ کردووە کە خۆی بە ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە بنکەی پێشووی مەکتەبی قورئانی شاری بۆکان بناسێنێت و لە ئەگەری خۆ نەناساندن، بەرەورووی دەستبەسەرکران دەبێتەوە
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە،  له درێژەی فشار بۆسەر چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبیی کورد، کەوسەر فەتاحی\" تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان بەهۆی چالاکییە فەرهەنگییەکانییەوە بەرەوڕووی بانگهێشت و هەڕەشەی دەستبەسەر کرانی هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بوویەوە.

ناوبراو هەتا ئێستا چەندین جار تەلەفۆنیان بۆ کردووە کە خۆی بە ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە بنکەی پێشووی مەکتەبی قورئانی شاری بۆکان بناسێنێت و لە ئەگەری خۆ نەناساندن، بەرەورووی دەستبەسەرکران دەبێتەوە.

کەوسەر فەتاحی بڕوانامەی بەکالریۆس(لیسانس)ی لە زمانی ئینگلیزیدا بەدەست هێناوە ماوەی چەند ساڵێکە لە بواری فەرهەنگی و ئەدەبیدا چالاکە و لە زۆربەی کۆڕە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی شاری بۆکاندا بەشداریی کوردووە.

ناوبراو پێشتریش چەندین جار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکراوە.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە ئەندامی کۆری ئەدەبیی شاری بۆکان، ئەندامی کۆری ئەدەبی زریان، ئەندامی هەئیەتی ئیجرایی، مودیری ئێن جی ئۆی ژینگەپارێزیی بۆکان، دامەزرێنەری ئەنجومەنی فەرهەنگی و روانگەی نوێ کە لەلایەن ئەماکنەوە مۆڵەتەکەی هەڵوەشێندرایەوە، بووە.

لەلایەکی دیکەوە، کەژاڵ هوژەبری رۆژی پێنج‌شەممە ١٦ی خەزەڵوەر، لە ئیتلاعاتی مەریوانەوە گوازراوەتەوە و بۆ ئیتلاعاتی شاری سنە، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

\"17109.jpg\"
کەژاڵ هوژەبری ، لە ئیتلاعاتی مەریوانەوە گوازراوەتەوە و بۆ ئیتلاعاتی شاری سنە، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا
ناوبراو رۆژی دووشەممە ١٣ی خەزەڵوەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لە گوندی \"بەردە رەشە\" دەستبەسەر و رەوانەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان کرابوو.

کەژاڵ هوژەبری کە بەهۆی چالاکیی سیاسیی هاوسەرەکەیەوە دەستبەسەر کراوە، ٣ منداڵی بەناوەكانی محەممەد تەمەن ١١ ساڵ، مەتین تەمەن ٦ ساڵ و لاوێن تەمەن ٥ ساڵ‌هەیە و هەنووکە ئەو منداڵانە بێ سەرپەرست ماونەتەوە\".
پێشتریش کەژاڵ هوژەبری لە مانگی رەشەممەی ساڵی ٩١ی هەتاویدا، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و وێڕای لێپرسینەوە، داوایان لێكردوە بە زووترین كات لە عەلی دانش جیا بێتەوە.

عەلی دانش تەمەن ٣٨ ساڵ، کوڕی ئەحمەد و خەڵکی گوندی \"بەردە رەشی\"ی شاری مەریوان لە کۆتاییەکانی مانگی رەشەممەی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاویدا بە هۆی فشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە ناچاری رووی لە دەرەوەی وڵات کرد.

خۆکوژیی کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ و ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ لە سەردەشت و سنە

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا، کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ و ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ لە شارەکانی سەردەشت و سنە لە رێگەی خۆ هەڵواسینەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

\"17115.jpg\"
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی هەینی ٢٤ی خەزەڵوەر، ژنێکی تەمەن ٢٨ ساڵ بە ناوی نیشتمان قوربانی و دانیشتووی شاری بۆکان، لە ماڵەکەی خۆی دا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شەوی یەکشەممە رێکەوتی ٣ی سەرماوەز کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ بەناوی ماریا رێحانی کچی خدر و خەڵکی گوندی \"قەڵا رەشە\"ی سەردەشت لە رێگەی خۆ هەڵواسینەوە هەوڵی خۆ کوژی دا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

دەگوترێت کە ماریا هیچ کێشەیەکی دەروونی نەبووە و کاتژمێر ١٠،٣٠ی شەوی یەکشەممە رێکەوتی ٣ی سەرماوەز بە بیانووی کڕینی کارتی تەلەفۆن، خۆی لەدایک و خوشکی دزیوەتەوە و لە ژێر زەمنینی ماڵەکەیاندا خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

لە لایەکی دیکەوە، رۆژی چوارشەممە ٦ی سەرماوەز، ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ بە ناوی عوزرا نەقشبەندی، دوای جیابوونەوە لە میردەکەی، لە ماڵی باوکی دەستی دایە خۆ کوژی.

ئەم ژنە کە دانیشتووی شاری سنە بووە، لە ریگەی خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئێــــــــــران

چوار ژنی دیکە لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دران

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا، حوکمی سێدارەی چوار ژن لە زیندانەکانی یەزد، قەرچەک و بەندەرعەباس بەڕێوە چوو.

\"17114.jpg\"
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی پێنج‌شەممە ٣٠ خەزەڵوەر، دوو ژن لە زیندانی ناوەدنیی یەزد بە تاوانی بازراگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان لە سێدارە دران.

ئەم دوو ژنە بە ناوەکانی \" ئەلف . ئەلف \" و \" ر . ع \" لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامی شاری یەزدەوە سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپا بوو.

لە لایەکی دیکەوە، رۆژی چوارشەممە ٦ی سەرماوەز، ژنێک بە تاوانی کڕین و فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان لە زیندانی ناوەندیی بەندەر عەباس لە سێدارە درا.

شوناسی ئەو ژنە هەتا ئیستا روون نەبووەتەوە.

هەروەها، رۆژی چوارشه‌ممە ٤ی سەرماوەز، ژنێکی دیکە لە زیندانی قەرچەکی وەرامین لە سێدراە درا.

شووناس و هۆکاری لە سێدارە دانی ئەو ژنە هەتا ئێستا بە ناڕوونی ماوەتەوە.

ساجیدە عەرەب‌سورخی پاش ٢٤ کاتژمێر ئازاد کرا

ساجیدە عەرەب‌سورخی کە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٣ی سەرماوەز دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

\"17112.jpg\"
ساجیدە عەرەب سورخی، پاش ٢٤ کاتژمیر و بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کرا
ناوبراو کە کچی فەیزوڵڵا عەرەب‌سورخی لە ئەندامانی شوورای ناوەندیی رێکخراوی موجاهیدینی ئینقلابی ئیسامی ئێران، رۆژی یەکشەممە پاش بانگهێشت کران بۆ دادسەرای ئێڤین، دەستبەسەر کرابوو.

ساجیدە عەرەب سورخی، پاش ٢٤ کاتژمیر و بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کرا.

فەیزوڵڵا عەرەب سورخی، لە ئەندامانی شوورای ناوەندیی رێکخراوی موجاهیدینی ئینقلابی ئیسامی ئێران، لە رووداوەکانی دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە خوولی دەهەم دا لە ساڵی ١٣٨٨، دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٤ ساڵ لە زیندان بوو.
ناوبراو بە تازەیی لە زیندان ئازاد کرابوو.

خوێندکارێکی دیکەی بەهایی لە خوێندن بێ بەش کرا

لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، یەکێک لە خوێندکارانی زانکۆی زەندی شیراز، بە هۆی بڕوامەندبوون بە ئایینی بەهایی لە خوێندن بێ بەش کرا.

\"17110.jpg\"
ئازیتما مومتاز خوێندکاری بەهایی زانکۆی زەندی شیراز، دوای تێپەڕاندنی ٩٢ واحیدی دەرسی، لە زانکۆ دەرکرا
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە،ئازیتما مومتاز خوێندکاری بەهایی زانکۆی زەندی شیراز، دوای تێپەڕاندنی ٩٢ واحیدی دەرسی، لە زانکۆ دەرکرا.

ئەم خوێندکارە بەهاییە ساڵی ١٣٨٧ لە تاقی کردنەوەی سەراسەری بەشداری کرد و لە زانکۆی \"زەند\"ی شیراز و بۆ رشتەی کارگێڕیی پیشەیی وەرگیرا .

بەرپرسی ئەو زانکۆیە پاش خوێندنی ٩٢ی واحیدی دەرسی بە ناوبراوی راگەیاندووە، کە بە هۆی بەهایی بوونەوە ناتوانێت درێژە بە خوێندن بدات.

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چەندین خوێندکاری ئێرانی لە زانکۆکانی تاران، سەنعەتیی شەریف، فیردەوسیی مەشهەد، سەنعەتیی ئیسفەهان و چەندین زانستگەی دیکە بە تاوانی پەیڕەوی کردن لە ئایینی بەهایی بەرەوڕووی دەرکران بوونەتەوە.

لە لایەکی دیکە و بە پێی ئەو بەڵگانەی کە چالاکانی مافی خوێندن بڵاویان کردۆتەوە، وەزارەتی ئیتلاعات گوشاری خستۆنە سەر وەزارەتی پەروەردەی ئێران، کە خوێندکارە بەهاییەکان بە بەهۆی باوەڕمەندبوون بە ئایینی بەهایی لە زانکۆکانی ئێران دەر بکات.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٣ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا (١حاڵەت )
ماڵپەڕی \" جمعیت مبارزه با تبعیض تحصیلی\" ( ١ حاڵەت )
ماڵپەڕی رادیۆ زەمانە ( ١ حاڵەت )
ماڵپەڕی پەیام ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی \"دادگستریی استان یزد\" ( ٢ حاڵەت )