بەردەوەامیی دواکەوتنی دادگایی کردنی زیندانییەکی سیاسیی کورد لەورمێ

15:39 - 20 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: دانیشتنی دادگایی کردنی زیندانییەکی سیاسیی کورد کە لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لەشاری ورمێ حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە، بۆ جارێکی دیکە وەدوا خرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لەماوەی یەک مانگی رابردوودا دانیشتنی دادگایی کردنی \"بێهرووز ئاڵخانی\" زیندانیی سیاسیی کورد کە لەزیندانی ناوەندیی شاری ورمێ راگیراوە، بەهۆی تێکچوونی باری تەندرووستیی، بۆ دووەمین جار دوا خرا.

بێهرووز ئاڵخانی تەمەن ٢٨ ساڵ، رێکەوتی ٧ی مانگی رێبەندانی ساڵی ٨٨ لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لەشاری سەڵماس دەستبەسەر و بە وتەی کەسێکی نزیک لەو بنەماڵەیە، ناوبراو بۆ ماوەی ١٩ مانگ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە لەژێر ئەشکەنجەدا بووە و بە هۆی ئەشکەنجەی لەڕادە بەدەرەوە مێشکی تێکچووە.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، بێهرووز ئاڵخانی بە ئامادەبوونی پارێزەری دیاری کراوی ئیدارەی ئیتلاعات، لە دادگایەکی چەند خولەکیدا بە تۆمەتی \"بەشداری کردن لە کوشتنی دادستانی شاری خۆی\"دا حوکمی سێدارەی بۆ براوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیەی نزیک لە بنەماڵەی ئاڵخانی رایگەیاندووە. بێهرووز ئاڵخانی لە پەروەندەیەکی دیکەدا و بە تۆمەتێکی ساختەی مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات کە تۆمەتی هەڵگرتنی چەکی ساختەیان دابوویە پاڵ، بە ١٠ سال زیندان مەحکووم کراوە.

سەرچاوەی ئاماژە پێکراو راشیگەیاندووە، بێهرووز ئاڵخانی مافی پەیوەندی گرتنی لەگەڵ بنەماڵەکەیەوە نییە و تەنیا هەر چەند مانگ جارێک بە ئامادەبوونی مەئموورێکی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ ماوەی چەند خولەکێک چاوی بە بنەماڵەکەی دەکەوێت.