بەردەوامیی گوشاری هێزە نیزامییەکان بۆسەر کۆڵبەران

14:32 - 12 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران سەرەڕای زەوت کردنی باری کۆڵبەران چەندین سەر ئەسپی بارهەڵگری کاسبکارانیشیان کوشتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١١ی رەشەممە هێزە نیزامییەکانی جێگیر لە گوندی \"شێخ سەڵە\"ی سەربە شاری سەلاس هێرشیان کردۆتە سەر کاروانێک لە کەسبکارانی ئەو ناوچەیە و زیاتر لە ٥٠ باری کۆڵبەرانیان زەوت کردووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: هاوکات لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانەدا زیاتر لە ١٠ سەر ئەسپی بارهەڵگری کاسبکارانیش بە کوشت چوون.

ماوەیەک پێش ئێستا هێزە ئینتزامییەکانی جێگیر لە گوندی \"شێخ سەڵە\"، هەڕەشەیان لە هاووڵاتییانی گوندەکانی سنووری نێوان سەلاسی باوەجانی بۆ هەرێمی کوردستان کردبوو و پێیان راگەیاندبوون کەلە ئەگەری نزیک بوونەوەیان لە سنوور تەقەیان لێ دەکەن و بەرپرسیارەتیی ئەو کارە دەکەوێتەوە ئەستۆی خۆیان.