بەردەوامیی کێشەی دەوا و دەرمان لە شاری بۆکان

16:06 - 28 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: ناوەندە دەرمانییەکانی شاری بۆکان بەرەوڕووی کێشەی کەمیی دەوا و دەرمان بوونەتەوە و لەو پەیوەندییەدا دەرمانخانەی \"تامین اجتماعی\"ی ئەو شارە لە دۆخێکی خراپ دایە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دەرمانخانەی \"تامین اجتماعی\"ی بۆکان بەهۆی کەمیی ئیمکاناتای پزیشکی و دەوا و دەرمان، لەمەڕ دانی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان بەرەوڕووی کێشە بۆتەوە و هاوکات هاووڵاتییانیش بەهۆی گرانیی نرخی بلیت ناڕازین.

لەلایەکی دیکەوە هەندێک لە هاووڵاتییان لە سەرەتای بەیانییەوە لەبەر ئەو دەرمانخانەیە کۆ دەبنەوە و بەم هۆیەوە سەفی دوور و درێژ لەو شوێنە دروست دەبێت و بەم پێیە کێشەی نەخۆشەکان چەندین بەرابەر رووی لە زیادبوون کردووە.

ئەو دەرمانخانەیە لە سالی ١٣٧٩ی هەتاوییەوە دامەزراوە کە رۆژانە خزمەتگوزاری پێشکەش بە ٢٥٠ کەس دەکرد، بەڵام ئەو رێژەیە لە ئێستادا بۆ ٢٥ کەس دابەزینی بە خۆیەوە بینیوە.

زیاتر لە ٥٩ هەزار کەس لە هاووڵاتییانی شاری بۆکان لەلایەن رێکخراوی \"تامین اجتماعی\"یەوە بیمە کراون کە ئەو بیمەیە شۆفیرانی ناو شار، کرێکارانی بیناسازی، قاڵی‌چنەکان و ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە لەخۆ دەگرێت.

لەلایەکی دیکەوە ماوەیەک پێش ئێستا دەزگای \"سی‌تی ئێسکەن\"ی نەخۆشخانەی شاری بۆکان بەهۆی زیانی مادییەوە بەرەوڕووی داخران بوویەوە.

محەممەد حوسێنی تەریقەت رایگەیاندووە کە ئێستا هاووڵاتییانی ئێران زیاتر لە ٦٠%ی نرخی دەوا دەرمانەکان بۆ خۆیان دابینی دەکەن و رۆڵی بیمە و دەوڵەت رۆژ لە دوای رۆژ کەمڕەنگ‌تر دەبێتەوە.