بەردەوامیی مانگرتنی 3 زیندانیی سیاسیی كورد

23:57 - 5 جۆزەردان 2712
كوردپا: سێ كەس لە زیندانیانی سیاسیی كوردی هاووڵاتیی توركیە كەلە زیندانی تەورێز دەستبەسەرن و لە رێكەوتی 29ی بانەمەڕەوە مانیان لە خواردن گرتووە، هەروا لە مانگرتنەكەیان بەردەوامن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، جمهوور ئوگوزیچ، نیهات تونجر و محەممەد جەڕاحی سێ‌ كەس لە زیندانیانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی تەورێزن كە پاش مانگرتن لە خواردن بۆ ژووری تاكەكەسی راگوێزراون.

ئەم سێ‌ زیندانیە سیاسییە كوردە لە ئیعتراز بە نەبوون لە بەندی زیندانیانی سیاسی، كەمیی غەزا و خراپیی باری پاك و خاوێنیی زیندان، گواستنەوەی یەكیان بۆ بەندی \"متادون دەرمانی\" و هەروەها گواستنەوەی یەكێكی تریان بۆ بەندی رەوانی مانیان لە خواردن گرتووە.

بە وتەی یەكێك لە هاوبەندییەكانی ئەو سێ‌ زیندانیە سیاسییە كە فایلی دەنگیی بە ئاژانسی كوردپا گەیشتووە، مانگرتوان رایانگەیاندووە، هەتا جێبەجێ‌ كردنی ویست و داواكارییەكانیان دەست لە مانگرتن هەڵناگرن.

محەممەد جەڕاحی بە تاوانی جێگری لە پێكهێنانی گرووپی نایاسایی و برەو دان بە بیروباوەڕی سوسیالیستی و كرێكاری بە 5 ساڵ زیندان مەحكووم بووە و ئێستا لە لە ژووری تاكەكەسیی زیندانی ناوەندیی تەورێز راگیراوە.

جمهوور ئوزگویچ (وڵات بۆتان) كوڕی ئەیووب، رێكەوتی 20ی بانەمەڕی ساڵ 1385 دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای قەزایی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە تاوانی ئەندامەتی و هاوكاری لەگەڵ حیزبی كرێكارانی كوردستان (پ ك ك) بە 5 ساڵ زیندانی تەعزیری مەحكووم و ئێستا ناوبراویش لە ژووری تاكەكەسیی زیندانی ناوەندیی تەورێز دەستبەسەرە.

نیهات تونجر (دیاركاتۆر) كوڕی ساڵح رێكەوتی 2ی بەفرانباری ساڵی 1386 دەستبەسەر و لەلاین دەزگای قەزایی حكوومەتی ئێرانەوە بە تاوانی ئەندامەتی لە حیزبی كرێكارانی كوردستان (پ ك ك) بە 5 ساڵ زیندانی تەعزیری مەحكووم و ئێستا ناوبراویش لە ژووری تاكەكەسیی زیندانی ناوەندیی تەورێز دەستبەسەرە.

خوشكی نیهات لە وتووێژێكی تەلەفۆنیندا بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپای راگەیاند: \"لە كاتی قۆڵبەست كرانەوە هەتا ئێستا، تەنیا یەك جار دایكم توانیویە تونجر ببینێت و براكەم لە مافەكانی دیكە كە زیندانیان دەگرێتەوە بێبەش كراوە\".

چەند كەسی دیكە لە كوردانی هاووڵاتیی توركیە و سووریە لە زیندانەكانی دیكە ئێران دەستبەسەرن كە بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ حیزبی كرێكارانی كوردستانی توركیە بە حوكمی درێژخایەن مەحكووم بوون و ئەمەش لە حاڵێك دایە كە ئەم كۆمەڵە زیندانیانە لە زۆربەی مافەكانی وەك مولاقاتی حزووری و پێوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەكانیان بێبەرین.

ناوی كۆمەڵێك لەو زیندانیانەی كە بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا گەیشتووە بریتین لە:
ـ جمهوور ئوزگویچ (وڵات بۆتان) كوڕی ئەیووب، رێكەوتی دەستبەسەر كران 20ی بانەمەڕ ساڵی 1385 لە زیندانی ناوەندیی تەورێز، مەحكووم بە 13 ساڵ زیندان.
ـ نیهات تونجر (دیار كاتۆر) كوڕی ساڵح، رێكەوتی دەستبەسەر كران 20ی بەفرانباری ساڵی 1386 لە زیندانی ناوەندیی تەورێز، مەحكووم بە 5 ساڵ زیندان.
ـ مەحموود بووداپ (چیكدار) رێكەوتی دەستبەسەر كران 13خەرمانانی 1385، بەندكراو لە زیندانی قەزوین، ماوەی زیندانی 13 ساڵ.
ـ ئەرجان كارایل (دورین) رێكەوتی دەستبەرسەر كران 2ی بەفرانباری ساڵی 1386 بەندكراو لە زیندانی قەزوێن، ماوەی زیندان 13 ساڵ.
ـ عومەر توبراز (جەبار) رێكەوتی گیران 21ی خاكەلێوەی ساڵی 1385 شوێنی راگیران، زیندانی ناوەندیی ئەردەبێل و ماوەی زیندانی 13 ساڵ.
ـ ئێحسان توپوز (زاڵ) رێكەوتی گیران، 2ی بەفرانباری ساڵی 1386، شوێن، زیندانی ناوەندیی زەنجان، ماوەی زیندانی 13 ساڵ.
ـ بیلال چیلیگر (چیا) رێكەوتی گیران ساڵی 1387 شوێنی زیندان، زیندانی ناوەندیی ورمێ‌ و ماوەی زیندان، 10 ساڵ.
ـ مستەفا عەلی ئەحمەد (ساسان كووبانی) رێكەوتی گیران، ساڵی 1384، شوێنی راگیران، زیندانی ناوەندیی ورمێ‌ و ماوەی زیندانی، 11 ساڵ.


ئاماری راستەقینەی ئەو زیندانییانە زیاتر لەم ناوانەیە كە لەم لیستەیەدا هاتووە و دەكرێ‌ ئاماژە بە یەكێكی تر لەو زیندانیە سیاسییانەی خەڵكی توركیە بەناوی شاكر باقی خەڵكی وان بكەین كەلە ساڵی 1386 دەستبەسەر و پاشان لەلایەن لقی یەكی دادگای شۆڕشی شاری سنەوە بە 30 ساڵ زیندانی تەعزیری و دوورخرانەوە بۆ زیندانی كاشمەر مەحكووم كرا، پاش نزیك بە یەك ساڵ و نیو راگیران لە زیندانی ناوەندیی سنە بۆ زیندانی شاری كاشمەر دوور خرایەوە.

بنەماڵەی ئەو زیندانیە سیاسیە هەتا ئێستا چەندین جار بە مەبەستی چاوپێكەوتنی كوڕەكەیان مەودای نێوان توركیە هەتا ئێرانیان بڕیوە و تەنانەت هەتا مەشهەدیش چوون، بەڵام ئیزنی چاوپێكەوتنیان پێنەداون.

شاكر باقی پاش چەندین مانگ راگرتن لە ژوورە تاكەكەسییەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی كرماشان و سنە و هەروەها گرتنكەی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران، بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ حیزبی كرێكارنی كوردستانی توركیە بە 30 ساڵ زیندان مەحكووم كرا.