بەردەوامیی زەخت و فشار بۆسەر محەممەد سەدیق کەبوودوەند

14:35 - 17 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: مەئموورانی زیندان ئێڤینی تاران رێگرییان لە چاوپێکەوتنی سەرۆکی ریکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لەگەڵ کوڕەکەی کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ١٥ی رەزبەری ئەمساڵ مەئموورانی زیندانی ئێڤینی تاران بەهەڵسووکەوتێکی نەشیاو و توند وتیژانە رێگرییان لەدرێژ کردنەوەی ماوەی چاوپێکەوتنی محەممەد سەدیق کەبوودوەند لەگەڵ بنەماڵەکەی کرد.

ئەم چاوپێکەوتنە کە بە شێوەی کابینی و تەلەفۆنی بوو، سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان خوازیاری درێژ کردنەوەی ماوەی چاوپێکەوتن وئاخاوتنی تەلەفۆنی لەگەڵ کورە نەخۆشەکەی بوو.

مەئموورانی زیندان، هۆکاری درێژ نەکردنەوەی ماوەی ئەو چاوپێکەوتنەیان بۆ بڕیاری راستەوخۆی دادستانی گشتیی تاران گەڕاندووەتەوە.

ماڵپەڕی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، بڵاوی کردووەتەوە: کوڕەکەی محەممەد سەدیق کەبوودوەند تووشی نەخۆشییەکی ناعیلاج بووە و پزیشک پێی راگەیاندووە کە دەبێ لە جوڵە و بزاوتی زۆر، خۆی ببوێرێت، بەڵام لە کاتێکدا کە پاش ١٠ مانگ بۆ نوێ کردنەوەی دیدار لەگەڵ باوکی رووی لە تاران کردبوو، ئەم هەڵسووکەوتە نەشیاوەی مەئموورانی زیندان، بووە هۆی تێکچوونی باری تەندرووستیی کوڕەکەی محەمەمد سەدیق کەبوودوەند.

هاوکات مەئموورانی زیندان رێگرییان لە ناردنی چەند بەرگ کتێبی تایبەت بە فێربوونی زمانی کوردی بۆ محەممەد سەدیق کەبوودوەند کرد.

ماوەیەک پێش ئێستا بەرپرسانی ئەمنییەتیی ئێران کۆمەڵێک تاوانی دیکەیان بە سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان راگەیاندبوو.