بەردەوامیی تۆپبارانکردنی خاکی هەرێمی کوردستان لەلایەن سپای پاسدارانەوە

12:51 - 20 خەرمانان 2721

لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی خەرمانان، سپای پاسداران دەستی بە بۆردومانی ئاسمانی و تۆپبارانکردنی خاکی هەرێمی کوردستان کردووە و هەتا ئێستاش ئەم هێرشانە بەردەوامە.

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە "حدکا" بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیندراوێک ڕایگەیاندووە کە سپای پاسداران ناوچەکانی "سیدەکان و بەربەزینـ"ـی تۆپباران کردووە و زیانێکی زۆری بەر ژینگە و هەروەها دانیشتوانی ئەو ناوچانە گەیاندووە.

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕایگەیاندووە کە ئەم هێرشانە هەتا ئەمڕۆ شەممە ٢٠ی خەرمانان، هەروا بەردەوامە.

هەروەها ڕۆژی هەینی ١٩ی خەرمانان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی وێنەگەلێک باسی لە تەقاندنەوەی یەکێک لە دڕۆنە ئینتحارییەکانی سپای پاسداران پێش لەوەیکە بنکەیەکی ئەم حیزبە بپێکێک، کردووە.

بەپێی نووسینی هەواڵدەریی "تەسنیم"، سپای پاسداران لە هێرشە ئاسمانی و تۆپخانەییەکاندا بۆ سەر بنکەکانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران، لە دڕۆنە ئینتحارییەکان کەڵکی وەرگرتووە.