بەردەوامیی بانگهێشت و دەستبەسەر كردنی لاوانی كورد لەناوچەی پیرانشار

12:41 - 31 خەرمانان 2713
ئاژانسی كوردپا: دوابەدوای تێكهەڵچوونەكانی چەند رۆژ لەمەوبەری هێزە نیزامییەكان و خەڵكی ئاوایی قەبری حوسێن لەپیرانشار، ژومارەیەک هاووڵاتیی مەدەنیی دەستبەسەر كران و ئەو رەوتە درێژەی هەیە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی شەممە رێكەوتی ٣٠‌ی خەرمانان لاوێكی تەمەن ٢٢‌ی ساڵ بە ناوی \"محەممەد دەرخشان\" و خەڵكی ئاوایی تركەش لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار راگوێزرا.

بەوتەی شایەتحاڵان، هێزە ئەمنیەتییەكان لەكاتی دەستبەسەركردنی ئەو هاووڵاتییەدا، ناوبراویان دابوویە بەر لێدان و كوتان و هاوكاتیش ٤ لاوی دیكەی ئەو گوندەیان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات لەشاری پیرانشار كردووە.

ئەو دەستبەسەر كردنانە لەحاڵێكدایە كە رۆژی سێ‌شەممە رێكەوتی ٢٦‌ی خەرمانان ژومارەیەک لەهێزە نیزامیی ـ ئینتزامییەكانی حكوومەتی ئێران لەشاری پیرانشار بەمەبەستی زەوت كردنی مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتیان چووبوونە ئاوایی قەبری حوسێن و لەئەنجامدا تێكهەڵچوون و پێكدادان لەنێوان ئەو هێزانە و خەڵكدا هاتبووە ئاراوە.

لەئەنجامی ئەو تێكهەڵچوونەدا ٤ كەس لەهێزەكانی حكوومەتی ئێران بریندار ببوون و دواتریش هێزە حكوومەتییەكان ئاوایی قەبری حوسێنیان بەجێ‌هێشتبوو و روویان لە ئاوایی تركەش كردبوو و زەخت و گوشارییان خستبووە سەر دانیشتوانی ئەو ئاواییە.

هێزەكانی سەر بەحكوومەتی ئێران دوای ئەو رووداوە رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی ٢٨‌ی خەرمانان چووبوونەوە ئاوایی قەبری حوسێن و ژمارەیەک لەدانیشتوانی ئەو ئاواییەیان دەستبەسەر كردبوو كە ناوی محەممەد رەسووڵی كوڕی \"خدرە زەرد\" بوو.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لەسەرەتای مانگی خەرمانانەوە هەتا ئێستا ٣٠ هاووڵاتیی كورد لەناوچە جیاجیاكانی كوردستان لەلایەن هێزە ئەمنیەتی ـ ئینتزامییەكانی حكوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون.

لەکۆی گشتیی ئەو رێژەیە ١٦ کەسییان خەڵکی ناوچەی \"پیرانشار\"ن.