بەربەست بۆ كەبوودوەند لەلایەن لێپرسراوانی زیندانی ئێوینەوە

15:05 - 8 رێبەندان 2711
كوردپا: دەبیرخانەی رێكخراوی داكۆی لە مافی مرۆڤی كوردستان رایگەیاندووە، پێوەندی و چاوپێكەوتنەكانی محەممەد سدیق كەبوودوەند لەلایەن لێپرسراوانی زیندانی ئێوینەوە بەرتەسك كراونەتە و نەیانهێشتووە زیاتر لە 2 ساڵە تەنانەت لەگەڵ بنەماڵەكەش دیدار بكات.

دەبیرخانەی رێكخراوی داكۆكیكاری مافی مرۆڤی كوردستان لە هەواڵێكدا ئاشكرای كردووە، بەهۆی خراپیی باری تەندروسستی محەممەد سدیق كەبوودوەند لە مانگی پێشوودا بۆ پشكینیی پزیشكی رەوانەی نەخۆشخانەی مودەڕسی تاران كرابوو.

سەرەڕای ئەوەی كە لە دوو حەفتەی رابردوودا پزیشك داوای كردووە بۆ تاقیكاریی دڵ خێرا رەوانەی نەخۆشخانە بكرێت، بەڵام لێپرسراوانی زیندانی ئێوین لەم بارەوە هیچ هەوڵێكیان نەداوە.

دوكتورەكان دۆخی نەخۆشیی گورچیلە و پروستاتی كەبوودوەندیان بە نالەبار و دەرمان نەكراو وەسف كردووە.

محەممەد سدیق كەبوودوەند، رۆژنامەنووس و بەرپرسی رێكخرای مافی مرۆڤی كوردستان ساڵی 1386 دەستبەسەر كراوە.

ساڵێك دواتر لە دادگای شۆڕشی تاران بە تاوانی بڵاو كردنەوەی درۆ بە مەبەستی شێواندن و بەڵاڕێدا بردنی بیروڕای گشتی لە رێگای \"رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان\"ەوە بە 11 ساڵ زیندان حوكم دراوە و ئێستا لە زیندانی ئێوینی تاران پێنجەمین ساڵی حوكمەكەی تێپەڕ دەكات.