بەخۆکوژیی خوێندکارێک لە شنۆ ئاماری خۆکوژی ئەمساڵ گەیشتە ٦٠ کەس

17:03 - 21 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵەی خەڵکی شاری شنۆ بە خواردنی \"حەب\"، هەوڵی خۆکوژیداو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٩ی گەلاوێژ لاوێکی خەڵکی شاری شنۆ بەناوی \"شارام خزری\" کوڕی کەماڵ و دانیشتووی گەرەکی \"شەهیدانی ئەو شارە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو بنەماڵەیە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، شارام خزری بەهۆی دەرنەچوون لە تاقیکردنەوە سەراسەرییەکانی کونکوردا، لەلایەن کەسوکارییەوە درابوویە بەر تانە و تەشەر، بۆیە ناوبراو لە ماڵی خۆیاندا هەوڵی خۆ کوژی داوە\".

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا لە سەرەتای ئەمساڵەوەهەتا ئێستا ٦٠ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کۆتاییان بەژیانی خۆیان ‌هێناوە کەلە کۆی ئەو رێژەیە ٢٩ کەسیان پیاو بوون.

هەروەها بەپێی ئەو ئامارە، ٥ هاووڵاتێی دیکەی کورد لەو ماوەیەدا هەوڵی خۆکوژیان داوە.

ئەو ئامارە رێژەییەو بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بەهۆی نەبوونی میدیای ئازاد بۆ رووماڵ کردنی هەواڵی ناوچە وکردنشینەکانی ئێران، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.