بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی تورکیە دوو کۆڵبەر کوژران و بریندار بوون

11:18 - 29 بانەمەڕ 2720

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٦ی بانەمەڕ، هێزە نیزامییەکانی تورکیە بە تەقەکردن لە ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری قوتووری خۆی، کۆڵبەرێک بە ناوی "بەهرام یووسفی" تەمەن ٣٥ ساڵ خەڵکی گوندی "بەلەجووک" گیانی لەدەست دا و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "شەمسەدین عومەرپوور" بە سەختی پێکرا.

ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە لە بەرزاییەکانی سنووری قوتوور کرانە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکانی تورکیە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی ''وان''ی تورکیە کراون.

ئەو دوو کۆڵبەرە، لە گوندی "بەلەجووک" لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە تەقەیان لێکراوە و پاش ڕادوونانیان لەلایەن هیزە نیزامییەکانەوە، چوونەتە ناو خاکی تورکیە و لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی تورکیە بەهرام یووسفی گیانی لەدەست دا.

هەتا ئێستا تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوژراوە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە و ناوبراو خێزاندار و باوکی چوار منداڵە.