بێ تاوانیی سەربازێکی کوردی مەحکووم بە ئێعدام سەلمێندرا

14:49 - 11 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: سەربازێکی کوردی مەحکووم بە ئێعدام و خەڵكی شاری مەریوان، پاش ١٧ مانگ راگیران لە زیندان، سەرئەنجام بەبێ تاوان ناسراو لە زیندان ئازاد کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \"فەردین فەتاحی\" خەڵکی گوندی \"شێخ شەربەتی\"ی بەخشی سەرشیوی سەربە شاری مەریوان کە رێبەندانی سالێ ١٣٩٠ دەستبەسەر کرابوو، پاش ١٧ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی شاری سنە، سەرئەنجام رۆژی ٨ی پووشپەڕ بێ تاوانییەکەی سەلمێندراو لە زیندان ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە کاتێکدا کە مانگی رێبەندانی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی لە بەندیخانەی شاری کامیاران سەرباز بوو، بەتاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیـزبە کوردییەکان ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و بۆ زیندانی شاری سنە راگوێزرابوو.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فەردین فەتاحی لە ماوەی ئەو ١٧ مانگەدا لەلایەن ‌هێـزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شاری سنە بەتوندترین شێوە بەرەوڕووی ئەشکەنجە بۆتەوە و لەو ماوەیەدا چەندین جار دادگایی کراوە.

ئەو سەربازە کوردە لەدادگای سەرەتاییدا حوکمی ئێعدامی بۆ بڕایەوە و پاش بەرز کردنەوەی سکاڵا بۆ دادگای پێداچوونەوە، ئەو حوکمە بۆ ١٥ ساڵ زیندان کەم کرایەوە و سەرئەنجام رۆژی ٨ی پووشپەڕ پاش سەلمێندرانی بێ تاوانییەکەی لە زیندانی شاری سنە ئازاد کرا.