بیکاری لە شاری سنە هۆکاری زیادبوونی پیشەی دەستفرۆشی + وێنـــە

17:27 - 20 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: لەماوەی چەند مانگی رابردوودا بەهۆی شەپۆڵێکی بەرینی بێکارییەوە، رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی شاری سنە روویان لە پیشەی دەستفرۆشی کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژانە رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کوردی شاری سنە بەتایبەت لە لە شەقامی \"ئینقلاب\"ی شاری سەرقاڵی پیشەی دەستفرۆشین.

بەوتەی ئەو دەستفرۆشانە رۆژانە لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی شارەوانییەوە بەرەوڕووی کیشە و ئاستەنگ دەبنەوە و زۆر جاریش \"کەلووپەل و کووتاڵ\"ـەکانیان لەلایەن مەئموورانی ئەو ئیدارەیەوە زەوت دەکرێت.

ئەو دەستفرۆشانە باس لەوە دەکەن، دەستفرۆشی هیچ داهاتێکی ئەوتۆی نییە کە بتوانن بژیویی ژیانی بنەماڵەکانیان دابین بکەن، بەڵام لەبەر شەپۆلی لەڕادەبەدەری بێکاری و نەبوونی هەلی کار، روویان لە دەسفرۆشی کردووە.

یەکێک لەو دەستفرۆشانە رایگەیاند، \"سەرجەم کەلووپەلەکانی من بایی ١٠٠ هەزار تمەن نابن، بۆیە بەهیچ شێوەیەک ناتوانم بژیویی بنەماڵەکەم دابین بکەم. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە دەبێ مانگانە ٢٠٠ هەزار کرێ خانوو بدەم\".

بێکاری و هەژاری گەیشتۆتە ئاستێک کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٦ هاووڵاتیی کورد کە ژن و پیاو بوون، بەهۆی بێکارییە و هەژارییەوە کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.


کارناسانی کاروباری کۆمەڵایەتی کێشەی بێکاری و هەژاری وەک سەرەکی‌ترین هۆکاری خۆکوژیی هاووڵاتییان لە قەلەم ئەدەن، کە بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکان و چوونەسەرێی ئاماری بیكاری لە ئێران، ئاماری خۆکوژیی هاووڵاتییان رۆژ لە دوای رۆژ روو لە زیادبوون دەکات
\"14541.jpg\"

\"14543.jpg\"

\"14544.jpg\"

\"14547.jpg\"

\"14546.jpg\"

\"14545.jpg\"