بۆکان/ هەڕەشەی هێزە ئیتلاعاتییەکان لە بنەماڵەی ٢ چالاکی سیاسیی کورد

17:20 - 22 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: دایک و باوکی ٢ چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان بەرەوڕووی هەڕەشەی و بێ‌حورمەتیی هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بوونەوە.

کاوە کانەبی چالاکی سیاسیی کورد لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: ماوەی زیاتر لە ١ ساڵ دایک و باوکم بەهۆی چالاکی سیاسیی من و خوشکمەوە بەرەوڕووی زەخت و گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارە دەبنەوە.

ئەو چالاکە سیاسییە ئەوەشی خستەڕوو، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢١ی جۆزەردان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت کران و پاش خۆناساندن بەو ئیدارەیەو سەرەڕای بەساڵاچووبونیان، هەتا درەنگانی ئێوارە لەو ئیدارەیە راگیرابوون.

\"13250.jpg\"
کاوە و ئەسرین کانەبی ٢ چالاکی سیاسیی کورد
کاوە کانەبی ئاماژەی بەوەشدا، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە دایکم و باوکمیان راگەیاندبوو، دەبێ منداڵەکانتان کەلە وڵاتی تورکیە نیشتەجێن، بۆ نێوخۆی وڵات بگێڕنەوەو لەئەگەری گوێ نەدان بەو داوایە ئێمە وەک سیخوڕ لە قەڵەمتان ئەدەین و بەرەوڕووی دادگاتان دەکەینەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە باوکم ماوەی ٣٠ ساڵ کارمەندی ئیدارەی پۆست بووە و ماوەی چەند ساڵێکە خانەنشین کراوەو هیزە ئیتلاعاتییەکان، بۆ بیانوویەک دەگەڕێن کە مووچەی خانەنشینییەکەی ببڕن.

کاوە کانەبی ساڵی رابردوو هاوڕی لەگەڵ خوشکەکەی بەناوی ئەسرین کانەبی بەهۆی زەخت و گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەوە زێدی خۆیان بەجێهێشت و روویان لە وڵاتی تورکیە کرد.

ئەو ٢ چالاکە کوردەی خەڵکی شاری بۆکان، دوابەدوای بەشداری کردن لە خۆپیشاندانێک کە بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە کوژرانی سومەیە فەیزوڵڵاپوور، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە شناسایی و بانگهێشت کرابوون کە بە ناچاری روویان لەدەرەوەی وڵات کرد.

لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی رابردوودا كچێكی لاوی خەڵكی بۆكان بەناوی \"سومەیە فەیزوڵڵاپوور\" لەلایەن كەسانێكی نەناسراوەوە رفێندرا و پاش چەند رۆژ تەرمەكەی بە كوژراوی دۆزرایەوە.

دوابەدوای ئەو رووداوە لەسەر بانگهێشتی ژنان و چالاكانی مەدەنی بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەو دیاردەیە لە شاری بۆكان خۆیشاندانێكی هێمنانە، كە تێیدا ٣ هەتا ٤هەزار كەس کە زۆربەیان ژنان و كچان بوون، بەڕێوە چوو.