بڵاڤۆکی خوێندکاریی "شیپا" لە زانستگەی رازی کرماشان بەرەوڕووی داخران بوویەوە

21:49 - 25 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: تاکە بڵاڤۆکی خوێندکاریی زانستگەی \"رازی\"ی کرماشان پاش چاپ و بڵاو کرانەوەی یەکەم ژومارە، بەرەوڕووی داخران بوویەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بڵاڤۆکی خوێندکاریی \"شیپا\" کە بە دوو زمانی کوردی و فارسی چاپ و بڵاو دەبۆوە، لەلایەن بەرپرسانی ئەو زانستگەیەوە مۆڵەتی چاپی لێ ئەستێندرایەوە.

بەرپرسانی ئەو زانستگەیە رایانگەیاندووە کە ئەو بڵاڤۆکە پێشتر لەلایەن کۆمەڵێک خوێندکاری دیکەوە مۆڵەتی بۆ وەر گیراوە، بۆیە پێویستە سەرلە نوێ مۆڵەتی بۆ وەر بگرنەوە.

خوێندکارە کوردەکانی زانستگەی رازی سەرەڕای بەدواداچوون و رەچاو کردنی بڕگە یاساییەکان، هەتا ئێستا بەرپرسانی ئەو زانستگەیە لە دانی مۆڵەت خۆیان بواردووە.

\"10725.jpg\"
سەرچاوەیەک لەو زانستگەیەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: هەنووکە هیچ بڵاڤۆکێکی خوێندکاری و ئەنجومەنی ئەدەبیی کوردی لەو زانستگەیە چالاکی نییە و ئەوەش لە کاتێک دایە کە بڵاڤۆک و ئەنجومەنە غەیرە کوردییەکان بە ئازادی چالاکی دەنوێنن.

پێشتریش مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ بڵاوکراوەی فەرهەنگی – ئەدەبیی \"زارووی واران\" لەلایەن ئیدارەی کاروباری فەرهەنگیی زانستگەی ئازادی کرماشانەوە بەرەو ڕووی داخران بوویەوە.

هەروەها ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی کۆمەڵێک بڵاڤۆکی دیکەی وەک: ترووسکە و برووسکە کە لە شاری کرماشان چاپ و بڵاو دەکرانەوە، بەرەوڕووی داخران بوونەوە.

هەنووکە ١٣ هەزار و ١٢٢ خوێندکار لە زانستگەی رازی کرماشان سەرقاڵی خوێندن کە زیاتر لە نیوەیان خوێندکاری ناوچە کوردنشینەکانی ئێرانن.