بڕینی ١٥ هێکتار لە دارستانەکانی داڵاهۆ و دەسبەسەرداگرتنی ٦ تۆن داری قاچاخ لەو ناوچەیە

12:30 - 25 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی هەینی ٢٤ی گەلاوێژ، دەست گیرا بەسەر ٦ تۆن داری بڕاوی قاچاخ لە دارستانەکانی "ڕمکیـ"ـی ناوچەی سەرپێڵی زەهاو و داڵاهۆ.

لەلایەن کەسانێکی بەرژەوەندیخوازەوە، ٦ تۆن دار لە دارستانەکانی ناوچەی ڕمکی لە شاری سەرپێڵ‌ زەهاو و داڵاهۆ، بە شێوی نایاسایی بڕدراون  و خەسارێکی زۆر بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیشتووە.

وەرزی بەهار و هاوینی ئەمساڵ، دارستانەکانی ناوچەی داڵاهۆ زۆرترین ئاگرکەتنەوەی بە خۆوە بینیوە کە چالاکانی ژینگەپارێزی، ئەو ئاگرکەوتنەوەیان بۆ "هۆکاری مرۆیی" گەڕاندووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، دووشەممەی حەوتووی ڕابردوو، بەپێی سەرچاوە ژینگەپارێزییەکان لە ناوچەی داڵاهۆ، زیاتر لە ١٥ هێکتار لە دارستانەکانی گوندی "ڕمکی" کە بە یەکێک لە سەرسەوزترین دارستانەکانی ناوچەی داڵاهۆ دێتە ئەژمار، بڕدراوە و ئاگریان تێبەرداوە.

بەپێی وتەی ژینگەپارێزانی ئەو ناوچەیە، ئەو ڕووداوە لەو شوێنە ڕوویداوە کە قاچاخی دارەکانی تێدا ئەنجام دراوە.