بزواندنی هەستی عەشیرەیی خەڵک بۆ گەرم کردنی بازاڕی هەڵبژاردنی شۆراکان

16:40 - 21 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: به نزیک بوونەوە له وادەی هەڵبژاردنی شۆرای شاری و گوندەکان لە ئێران، له چەندین لاوە و به شێوازی جۆراوجۆر و پەرنامە بۆداڕێژراو هەوڵی درووستکردنی تەنگەژه و ناکۆکی ناوچەیی له نێوان دانیشتوانی گوندەکانی سەربە شاری دیواندەرە و سەقزدا ئەدرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو، چەندین کەسێکی سەربە حکوومەت بە کەڵک وەرگرتن لە هەستی ناوچەیی و عەشیرەیی هاووڵاتییانی ناوچەی سەقز و دیواندەرە، هەوڵی ئاژاوە و دووبەرەکی نانەوە لە نێوان دانیشتوانی گوندەکاندا ئەدەن.

بەوتەی سەرچاوەکە، ئەو کەسانەی سەربە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران به بیانووی هەڵبژاردنی شۆراکان، بە شێوەیەکی پلان بۆ داێێژراو هاوپەیوەندیی هاووڵاتییانی گوندەکان خەوشدار دەکەن.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، چەند کەسێکی بیرتەسک لە گوندەکانی ناوچەی هەوەتووی سەربەشاری دیواندەرە فریوی ئەم هەوڵانەیان خواردووە و بە ئاشکرا بێ حورمەتی بە یەکتر دەکەن.

رۆژی ٢٤ی جۆزەردانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی شۆرای شار و گوندەکان و سەرکۆماری لە وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێت و هاوکات سەرجەم حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئەو هەڵبژاردنەیان بایکوت کردووە.