بردنەدەرەوەی ٢ هەزار میلیارد سەرمایە لە کرماشان ناڕەزایەتیی نوێنەرانی مەجلیسی ئەو پارێزگایەی لێ کەوتەوە

11:56 - 22 خەرمانان 2721

ژمارەیەک لە نوێنەرانی مەجلسی پارێزگای کرماشان، ناڕەزایەتیی خۆیان لەمەڕ تێکەڵکردنی شیرکەتی پێشگامانی پەرەسەندنی کشتوکاڵ لەگەڵ شیرکەتێکی ئاژەڵداری لە تاران، دەربڕی.

لە هەوڵێکدا لەلایەن شیرکەتی پێشگامانی پەرەسەندنی کشتوکاڵ و تێکەڵکردنی ئەو شیرکەتە لەگەڵ شیرکەتێکی ئاژەڵداری لە تاران، هەلی بردنەدەرەوەی ٢ هەزار میلیارد تەمەن لە سەرمایەی کرماشانی دەرەخسێنێت کە لایەنی نەرێنیی لە بواری ئابووری و خۆشبژێویی ئەو پارێزگایە لێ دەکەوێتەوە.

پاش کەوتنە بەر باسی تێکەڵکردنی شیرکەتی پێشگامان لەگەڵ شیرکەتێکی ئاژەڵداری لە تاران، نوێنەرانی مەجلسی پارێزگای کرماشان، لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسی بونیادی شەهید، دژایەتیی خۆیان لەگەڵ ئەو پرسە دەڕبڕیوە و خوازیاری پێشگرتن بە تێکەڵکردنی ئەو دوو شیرکەتە بوونە.

لە نامەی نوێنەرانی پارێزگای کرماشان لە مەجلسدا، هاتووە: "تێکەڵکردنی ئەو دوو شیرکەتە دەبێتە هۆی خەساردانی مافی خەڵکی ئەو پارێزگایە و بەستێنی بردنە دەرەوەی زیاتر لە ٢ هەزار میلیارد تەمەن سەرمایەی خەڵکی ئەو پارێزگایە".

شیرکەتی پێشگامانی پەرەسەندنی کشتوکاڵی کەوسەری کرماشان، لە ساڵی ٩٣ دامەزراوە و لە بواری دروستکردنی گوڵخانە و بەرهەمەکانی گوڵخانەیی چالاکی دەکات و لە ئەگەری تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە، ساڵانە زیاتر لە ١٠ هەزار تۆن بەرهەمی دەبێت.