برایانی کوردپوور لە ئیتلاعاتی "ورمێ"وە بۆ زیندانی مەهاباد راگوێزران

14:08 - 10 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: مەسعوود و خوسرەو کوردپوور ٢ برای رۆژنامەنووسە کورد لە ئیتلاعاتی سپای \"ورمێ\"وە بۆ زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد راگوێزران.

عەباس جەماڵی پارێزەری ئەو ٢برا رۆژنامەنووسە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا وێرای پشت‌ڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە رایگەیاند: رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ٥ی پووشپەڕ برایانی کوردپوور لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای \"ورمێ\"وە بۆ زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد راگوێزراون.

\"13586.jpg\"
عەباس جەماڵی ، پارێزەری مەسعوود و خوسرەو کوردپوور ٢ برای رۆژنامەنووسە کورد
جەماڵی ئەوەشی خستەڕوو، هەتا ئێستا پەروەندەکەیان هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەیبینوە ئەگری ئەوە دەکرێ لە حەفتەی داهاتوودا بتوانین بچینە سەر پەروەندەکەیان.

ناوبراو لە وەڵامی ئەوەی کە چاوڕوان دەکرێ ماوەی دەستبەسەرییەکەیان درێژ بکرێتەوە، رایگەیاند: ماوەی دەستبەسەریی برایانی کوردپوور بەپێی یاسا چیدیکە رێگە پێدراو نییە و لە ماوەیەکی نزیکدا دادگا قەرار بازداشتەکەیان بۆ بارمتە دەگۆڕێت.

رێکەوتی ١٧ و ١٩ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی خوسرەو و مەسعوود کوردپوور لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کران.
هەتا ئێستاش سەرەڕای بەدواداچوونی پارێزەر و بنەماڵەکەیان، هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هۆکاری دەستبەسەر کرانی ئەو ٢ برا رۆژنامەنووسە کوردەیان رانەگەیاندووە.