باوک و کوڕێک لەگەڵ گرووپێکی ژەنیاری لە شاری ئیلام دەسبەسەر کران

12:03 - 7 گەلاوێژ 2720

باوک و کوڕێک لەسەر بڕیاری دادستانی شاری ئیلام لە کاتی ڕێوڕەسمی شایی لەگەڵ گرووپێکی ژەنیاری، شەوی ڕابردوو دەسبەسەر کران.

کاناڵی تێلێگرامیی "حوادث ایلام"، هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە و گرووپە ژەنیارییەکەی بۆ پێشگیری لە کۆرۆنا و هەروەها شەوی کوژرانی "ئیمام محەممەد باقر" و بۆ بێڕێزی بە پیرۆزییەکان گەڕاندەوە.

ئەو کاناڵە خۆجێییە هەروەها نووسیوویەتی: "ئەو چەند کەسە لە ڕێوڕەسمی ئەو شاییەدا هوشدارییان پێدرابووە، بەڵام بەهۆی گوێنەدان بە هۆشدارییەکان دەسبەسەر کراون".

پێشتریش لە مانگی پووشپەڕ، چەند کەسێک لە بەڕێوەبەرانی شانۆی سەرشەقام لە شاری ئیلام بە بیانووی لەبەرچاونەگرتنی یاسا و ڕێسای فەرهەنگی و تەندروستی دەسبەسەر کرابوون کە یەکێکیان کچ بوو.