باری تەندروستیی یەکێک لە دەروێشەکان کە بە تەقەی هێزەکانی حکوومەت پێکرابوو، نالەبار ڕاگەیەندراوە

18:06 - 28 پووشپەڕ 2720

باری تەندروستیی یەکێک لە دەروێشەکانی تەریقەتی قادری بە ناوی "حەسەن غوڵامی" خەڵکی شاری مەریوان کە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە خاڵی سنووریی باشماخ پێکرابوو، نالەبار ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمڕۆ شەممە ٢٨ی پووشپەڕ، دەروێش "حەسەن غوڵامی"بۆ دووەمین جار لە نەخۆشخانەی "فەجر"ی مەریوان نەشتەرگەریی بۆ کراوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ڕایگەیاند: "ئەو دەروێشە گولـلە بەر لاق و سکی کەوتووە و بەو هۆیەوە بارودۆخی زۆر نالەبارە".

ناوی یەکێکی دیکە لە دەروێشە بریندارەکانی دیکە، "خەلیفە فەخرەدین" خەڵکی گوندی "تەرخان ئاوا" ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی ئەو سەچاوەیە، یەکێک لە تەقەکەرانی حکوومەت، خەڵکی گوندی "پایگەلان" سەر بە شاری سەوڵاوایە.

ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەڕ، نزیک دوو هەزار کەس لە دەروێش و شوێنکەوتووانی شێخ "محەممەد کەسنەزانی"، شێخی تەریقەتی قادری، بەبێ موڵەتی یاسایی لە خاڵی سنووریی باشماخ تێپەڕین و لە ئەنجامدا بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت ٦ کەس لە دەروێشەکان پێکران.