بارودۆخی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراو لە گرتنگە نالەبارە

11:54 - 7 جۆزەردان 2720

بارودۆخی تەندروستیی "محەممەد قادری" هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری پیرانشار بەهۆی ئازار و ئەشکەنجە لە یەکێک لە گرتنگەکانی ئەمنییەتی لە ورمێ نالەبارە و بەهۆی ئازار و ئەشکجەی تووندی جیسمانی لە هۆشی خۆی چووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکەیان بانگهێشتی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری ورمێ کراون و بۆ ماوەی چەند خولەکێک کوڕەکەیان بە بێهۆشی بینیووە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە دەڵێت: "مەئموورانی ئەمنییەتی بە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان ڕاگەیاندووە که ناوبراو "خۆدزەنی" کردووە و دوو حەوتوو پێش بە خواردنی مادەی خاوەێنکردەوەی (دەسشویی) دەستی داوەتە خۆکوژی و لەو پەیوەندییەدا، دوو جار ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کراوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "سەرەڕای بارودۆخی نالەباری ئەو هاووڵاتییە کوردە، هێزە ئەمنییەتییەکان لە ڕەوانەکردنی ئەو هاووڵاتییە بۆ ناوەندی دەرمانی خۆیان بواردووە".

 ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بانەمەڕ، ٥ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "عەلی قادری"  کوڕی "ڕەسووڵ"، "محەممەد قادری" کوڕی "عەزیز"، "حیسامەدین پیرانی" کوڕی "زاهیر،" "ئەمیر قادری" کوڕی "خدر" و "سەلام خڕی ئاغە‌ڵان"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییانە، هیچ زانیارییەک بە دەست نەهاتووە.