بارودۆخی نالەباری بازاڕچەی سنووریی پەرویزخانی کرماشان

16:43 - 27 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: نابەرپرسیارەتی و بەرتیل خۆری لە بازاڕچەی سنووریی کرماشان، کاسبکاران و بازرگانە کوردەکانی بەرەوڕووی گرفت کردووەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسان و هێزە ئەمنییەکانی بازاڕچەی سنووریی پەرویز خان، بە بەردەوامی بەرتیل لە شۆفیری ماشینە بارهەڵگرەکان و بازرگانە کوردەکان وەردەگرن.

\"16115.jpg\"
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بازاڕچەی سنووریی پەرویز خان وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: بەرتیل خۆری لەم بازاڕچەیە بە تەواوەتی ئاسایی بووەتەوە و رۆژانە بە ئاشکار بەرتیل لە بازرگانان و شۆفیری ماشێنە بارهەڵگرەکان وەردەگیرێت.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی؛ هەر لە ئەنجامی ئەو بەرتیل خۆرییەدا دوو ەکس لە بەرپرسانی بازاڕچەی سنووریی پەرویز خان بەناوەکانی \"ف\" و \"م\" لەم بازاڕچەیەوە بۆ شوێنێکی دیکە دوور خرانەوە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بە هۆی پابەند بوون بنە ئەخلاقی رۆژنامەوانی، لە بلاو کردنەوەی ناسنامەی تەواوی ئەو کەسانەی کە بە هۆی بەرتیل خۆرییەوە لە کارەکەیان دوور خراونەتەوە، خۆ دەبوێرێت.

\"16114.jpg\"
هەروەها دەگوترێت کە چەند رۆژ پێش ئێستا نوێنەری بازرگانەکانی بازارچەی سنووریی پەرویز خان لە کاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ هاشمی رەفسەنجانی رەخنەی لە چۆنیەتیی بەڕێوەبەریی ئەو بزاڕچەیە گرتبوو.

سەلمان زەهاب‌پوور رایگەیاندبوو، هاتوچۆی ئەم تانکێرانە یەک ریاڵ قازانجی بۆ شاری قەسری شیرین نییە و کۆمەێک دەست لە پشتی ئەم مەسەلەیەوە هەیە کە و قازانجەکەی راستەوخۆ دەچێتە گیرفانی ئەو کەسانەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان رۆژانە نزیک بە ١٥٠٠ تاکێری بارهەڵگری سووتەم،ەنی لەو بازاڕچەیەوە دەچنە ئوستانی کرماشان.