ئاگرگرتنی دارستان و شاخەكانی دەورووبەری شاری سەوڵاوا بەردەوامە

13:28 - 18 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: سەرەڕای ئەوەی كە چالاكانی ژینگەپارێز و ئەندامانی سەوزی چیا توانیان ئاگری دارستان و لێڕەوارەكانی چەند گوندی دەورووبەری شاری سەوڵاوا كۆنترۆڵ بكەن، بەڵام لە چەند لایەكی دیكەوە هەر بەردەوامە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە مەریوان، ماوەیەكە شەپۆلێكی بەربڵاو لە گڕگرتنی دارستان و لەوەڕگە و ژینگەی گوندەكانی دەورووبەری دوو شاری سەوڵاوا و مەریوان دەستیان پێكردووە و جیا لە هەوڵی چالاكانی ژینگەپارێز و ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكان، ناوەندە پێوەندیدارەكانی حكوومەت لەم بارەوە كەمتەرخەمن.
\"5589.jpg\"
هەواڵنێری كوردپا لەزاری یەكێك لە چالاكانی ژینگەپارێز كە شایەتحاڵی رووداوەكەیە ئاشكرای كردووە، دوێنێ‌سێشەممە رێكەوتی 17ی گەلاوێژ كۆمەڵێك لە ئەندامانی سەوزی چیا خۆڕسكانە دەستیان داوەتە كوژاندنەوە و كونترۆڵی ئاگری دارستانەكانی دوو گوندی \"قەڵاجێ‌و نیاوا\" و توانیویانە بیكوژێننەوە.

ئەو شایەتحاڵە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، دوێنێ‌شەویش هەتا درەنگان سەرقاڵی كوژاندنەوەی ئاگری دارستانەكانی گوندی \"رەزاو\" بوون و ئێستاش هەر لە هێندێ‌لاوە دەسووتێ‌.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش داوە دارستان و لێڕەوارەكانی گوندی \"نیاوا\" لە رێكەوتی 8ی گەلاوێژەوە هەتا ئێستا سێ‌جار ئاگری گرتووە.

بەپێی ئاماری چالاكانی ژینگەپارێز لە مەریوان لە رێكەوتی 19ی بانەمەڕی ئەمساڵەوە كە سووتانی دارستانەكان دەستیان پێكردووە هەتا ئێستا تەنیا لە گوندەكانی دەورووبەری دوو شاری سەوڵاوا و مەریوان نزیك بە 80 حاڵەتی ئاگركەوتنەوە روویان داوە.