ئاگرکەوتنەوە لە گوندێکی سەردەشت و سووتانی ٤ هاووڵاتی + وینـــه

14:24 - 27 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەودا لە گوندێکی ناوچەی سەردەشت، ٨ دەزگا خانووبەرە لە ئاگردا سووتان و زیانێکی بەرچاوی مادیی بە هاووڵاتییانی گوندەکە گەیاند.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٦ی پووشپەر لە رووداوێکی ئاگر کەوتنەوە لە گوندی \"دۆڵەتوو\"ی سەربە بەخشی \"وەزنێ\"ی شاری سەردەشت، ٨ دەزگا خانووبەرەی هاووڵاتییانی ئەو گوندە بە تەواوەتی لە ئاگردا سووتان.

بە وتەی دانیشتوانی ئەو گوندە، لە ئەنجامی ئەو ئاگر کەوتنەوەیەدا ٤ کەس بەتووندی تووشی سووتان بوون و بۆچارەسەریی برینەکانیان رەوانەی نەخۆشخانەی شاری سەردەشت کراون و هاوکات چەندین سەر لە ئاژەڵ و مەڕوماڵاتی هاووڵاتییانیش لەو ئاگرکەونەوەیەدا سووتاون.

هاوکات ٢ ماشینی هاووڵاتییانیش لەو ئاگرکەوتنەوەیەدا سووتاون و سەرجەم کەلوپەلەکانی نێو ئەو ٨ خانووبەرەیەش لەناوچوون کە زیانەکانی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە ٦٠٠ میلیۆن تمەن بەراورد کراوە.

بەوتەی دانیشتوانی ئو گوندە، دوابەدوای ئاگرکەوتنەوەکە بەزووترین بنکەکانی ئاگرکوژێنەوەی شاری سەردەشت ئاگادار کراوەتەوە، بەڵام پاش زیاتر لە کاتژمێر و نێوێک توانیویانە لە شوێنی رووداوەکە ئامادە بن.

پێشتریش لە گوندی \"بێژوێ\"ی سەربە ناوچەی \"ئالان\"ی شاری سەردەشت \"عەزیز شێخەپوور\" هاورێ لەگەڵ کچەکەی خۆی بە ناوی \"ئامینە\" بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە نێو ماڵەکەیاندا بە توندی تووشی سوتان بوون.

\"14018.jpg\"

\"14019.jpg\"

\"14017.jpg\"

\"14012.jpg\"

\"14016.jpg\"

\"14013.jpg\"

\"14014.jpg\"

\"14015.jpg\"