ئاژەڵدارێك: دەزگا حكوومەتییەكان لە ماكۆ پێش بە كاسبیی ئاژەڵداران دەگرن

14:18 - 2 جۆزەردان 2712
كوردپا: وەرزێڕ و ئاژەڵدارانی ناوچەی \"بوورلان\"ی ماكۆ رایانگەیاندووە: \"ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەكان و جەنگەڵبانی بە داڕشتنی گەڵاڵەیەك پێش بە كاسبیی ئاژەڵدارانی ئەو ناوچەیە دەگرن\".

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا هێزی ئینتزامی و رێكخراوی سەرچاوە سروشتییەكانی شاری ماكۆ بە بانگهێشت كردنی وەرزێڕان و ئاژەڵدارانی ناوچەی \"بوورلان\"ی ماكۆ هۆشداریان پێداون كە بۆیان نیە ژمارەیەكی زۆر ئاژەڵ بەخێو بكەن.

\"4613.jpg\"
هەواڵنێری كوردپا لەزاری ئاژەڵدارانی ئەو ناوچەیەوە رایگەیاندووە: \"ئەم هەوڵەی رێكخراوی سەرچاوە سروشتییەكان و هێزی ئینتزامی لە راستای پێشگیری لە كار و كاسبی و بژیوی ژیانی هاووڵاتییانی كوردی ئەو ناوچە دایە و بەردەوام ئەو چەشنە كارانە دووپات دەبێتەوە و لە رابردووشدا كاری لەم چەشنە لە هەمبەر هاووڵاتییانی كورددا ئەنجام دراوە\".

یەكێك لە دانیشتوانی ئاوایی \"گیرگ\"ی ناوچەی بوورلان لە ماكۆ بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاندووە: \"دەزگا حكوومەتییەكان ئەم گەڵاڵەیان تەنیا بۆ بە چۆكدا هێنانی خەڵكی هەژاری ئەو ناوچە پیادە دەكەن و راشیگەیاندووە، بەهۆی نەبوونی كارگە و دەرەتانی كار لە شاری ماكۆ و دەورووبەری خەڵك سەرقاڵی ئاژەڵداری و هێندێكیان كاری كۆڵبەرین و تەنانەت ناهێڵی ئەوەش ئەنجام بدەن\".
\"4614.jpg\"
چالاكانی ژێنگە لەو باوەڕە دان \"رێكخراوی سەرچاوە سروشتییەكان لە حاڵێكدا لەژێر ناوی پاراستنی سروشتدا پێش بە بەخێو كردنی مەڕ و ماڵات و كاسبیی ئاژەڵدران دەگرێت، كە ساڵانە بە دەیان هێكتار لە لێڕەوار و دارستانەكان دەسووتێن، یان سەیرانگا و سەرچاوە سروشتییەكان تێك دەدرێن و ناوەندە پێوەندیدارە حكوومەتییەكان هیچ هەوڵێك بۆ پێشگیرییان نادەن\".