ئاژانسی كوردپا/ روونكردنەوەی بایكوت و هەڵوێستی حیزبە كوردییەكان
لە بەرەبەری بەڕێوە چوونی خولی نۆیەمی هەڵبژاردنەكانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی حكوومەتی تاراندا زۆرینەی پارت و لایەنە سیاسییە كوردییەكانی دژبەری حكوومەت، ئەو هەڵبژاردنەیان بایكوت كردووە و دوایان لە خەڵكی كردووە تێیدا بەشداری نەكەن.
ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بۆ شرۆڤەی زیاتری ئەم پرسە و روونكردنەوەی زیاتری ناوەرۆكی دەقی بەیاننامەی حیزبەكان بۆ هاووڵاتییان لە راپۆرتێكی تایبەتدا وتووێژی لەگەڵ ئەندامانی رێبەری و نوێنەرانی حیزبە كوردییەكان پێكهێناوە.
كۆمەڵێك لەو حیزبانە لەو باوەڕە دان كە هیچ كەسێكی دڵسۆز ناتوانێ لەنێو ئەو سیستمەدا كار بكات و ئەو كەسانەی كەلە فیلتەرەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران تێپەڕ دەبن توانای دەربڕینی قسەیان نیە و هەروەها روونیشیان كردەوە لە هەڵبژاردنی پێشووی سەركۆمارییدا دەرەتانێك هەبوو بۆ ئەوەی كە هێندێ كاندیدا نوێنەرایەتیی ویست و داخوازییەكانی خەڵكی بكەن، چونكە بەشێك لە پاڵوێراوەكانی سەركۆماری نوێنەری نیزام نەبوون، بەڵام لە خولی ئێستا هیچ دەرەتانێك بە نوێنەران نەدراوە كە ویست و داخوازیی تایبەتیان هەبێ و هەوڵ دراوە گۆڕەپانەكە زیاتر بەرتەسك بكەنەوە.
بە وتەی هێندێ رووناكبیر و لایەن لەم خولە لە هەڵبژاردنی مەجلیسدا كۆمەڵێك كەس كە بە شێوەیەك لە شێوەكان لەنێو خەڵكدا خۆشناو و دیار و بەرچاون خویان پاڵاوتووە و له قۆناغی یهکهمدا تەئیدی سەلاحییەت كراون، و گوتاری تەحریم نەیتوانیوە كاریگەریی لەسەر خۆ نەپاڵاوتنی ئەو كەسانە هەبێت؟ حەسەن رەحمان پەنا، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران (كۆمەڵە) لەم پێوەندییەدا وتی: ئێمە هەر لە سەرەتاوە ئەو هەڵبژاردنانەمان تەحریم كردووە و باوەڕمان بە رێفورم لەناو ئەو سیستمەدا نەبووە و ئیستاش لە پێوەندی هەڵبژاردنی مەجلیسدا هەر لەو باوەڕە داین و لەمەڕ ئەوەی كە هێندێ كەسی دیار و بەرچاو خۆیان كاندید كردووە دەتوانم بڵێم ئەوان لە هەڵەدان و پێیان وایە دەتوانن لە رێگای ئەو هەڵبژاردنەوە كارێك بكەن یان خزمەتێك بە نەتەوەی كورد بكەن، بەڵام لە ئێراندا مەجلیس دەسەڵاتێكی ئەوتوی نیە و هەموو كەسێكیش دەزانێ كە دەسەڵات لە چوارچێوەی وڵایەتی فەقیه دایە و ئەگەر مەجلیس هەر بڕیارێك بدات كە لەگەڵ ناوەرۆكی سیستمەكە نەیەتەوە ئەوان رەتی دەكەنەوە.
نابێ لە بیرمان بچێت هیچ كەسێكی دڵسۆز ناتوانێ لەنێو ئەو سیستمەدا كار بكات و حەق وابوو ئەو كەسانە هاودەنگ لەگەڵ حیزبە سیاسییەكان ئەو هەڵبژاردنە بایكوت بكەن.
حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران یەك لەو حێزبە كوردستانیانەیە كە هەڵوێستی تەحریمی گرتۆتە بەر و داوای لە خەڵك كردووە بەشداری هەڵبژاردن نەكەن بەڵام زۆر كەس لەو باوەڕەدان كە تەحریمی هەڵبژاردن تەنیا بە نووسراوە ناكرێت و دەبێ هەنگاوی زۆر جیدی بۆهەڵبگیرێ و نابێ حیزبەكان لە دوای كۆتایی پڕۆسەی هەڵبژاردن بكەونە ژێر باندۆڕی چەمكی رێفۆرمخوازییەوە و ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا دەقی ئەم پرسیارەی ئاراستەی شاهۆ فەرازمەند ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، كرد؟ ئەوە بە تەواوی راستە و ئێمە تەنیا قەناعەت بە نووسراوە ناكەین و نابێ بكرێت و یەكێك لەو رێگایانەی كە حیزبی دێمۆكرات كاری بۆ دەكات روونكردنەوەی خەڵك و چین و توێژەكانی كۆمەڵگایە لەسەر كردەوەكانی كۆماری ئیسلامی و گرینگیی پرسی بایكوت كردن، و هەروەها ئاگادار كردنەوەی هاووڵاتیان لەگەڵ ئەو كێشە و تەنگەژەیەی كە ئەو حكوومەتە لەگەڵی بەرەوروو بۆتەوە، بەلام لە ئەنجامدا ئەوە خەڵكن كە بڕیاری یەكلایی كردنەوەی بایكوتی ئەو هەڵبژاردنە دەدەن. دیارە شكاندنی ئەو كەشە پڕ لە مەترسییەی كە كۆماری ئیسلامیی لە بەرەبەری هەڵبژاردندا خولقاندوویە زۆر گرینگە بۆ وێنە دەبینین كە گوشارێكی زۆر خراوەتە سەر راگەیەنەكان و بە شێوەیەكی بەرچاو چالاكییەكانیان بەرتەسك كراوەتەوە و بە بەردەوامی سەرقاڵی كۆكردنەوەی ماهوارەی هاووڵاتیانن و مەبەسەت لە باس كردنی ئەمانە ئەوەیە كە ئەو زەخت و گوشارانە تەنیا بە مەبەستی هەڵبژاردنە و دیهەوێ ئامرازی پێوەندیی گشتیی بەرتەسك بكاتەوە و حیزبی دێمۆكرات لەو پێوەندییەدا روونكردنەوەی زیاتری بۆ خەڵكی دەبێت. لەلایەكی دیكەوە ئەوە بۆ یەكەم جارە گوتاری تەحریم بەم چەشنە بەهێزە چ لە ئاستی ناوخویی و دەرەوەدا و شتێكی جێگای سەرنج ئەوەیە كە رێفۆرم خوازان گوتاری خویان لەگەڵ حیزبە ئۆپوزیسیۆنەكان جیا كردۆتەوە و ئەوان وشەی \"بەشداری ناكەین\"یان هەڵبژاردووە و مەسەڵەی هەرە گرینگ ئەوەیە كە ئەوانیش هەر لەسەر ئەو هەڵوێستەی خۆیان سوور بن و دواتر یاری بە وشەكان نەكەن.
سالار پاشایی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، لە پێوەندیی ئەوەی كە دەكرا حیزبە سیاسییەكان لە دوو روانگەوە بڕواننە ئەو هەڵبژاردنانە، یەكەم لە رەهەندی سیاسی و دووهەم لە رەهەندی نەتەوایەتییەوە و دەكرا لە رەهەندی نەتەوەییەوە ئەو هەڵبژاردنە بایكۆت نەكرێت، لەو باوەڕە دایە: ئەگەر لە هەر بوارێكەوە هەلومەرجی ئێران هەڵبسەنگێنی و چاو لە سیستمی سیاسیی ئێران و كوردستان بكەی نەدەكرا كە بڕیاری بەشداری كردن بدەی و ئەو هەڵبژاردنە هیچ ئاكامێكی بۆ كورد لێ ناكەوێتەوە و ئەو حكوومەتە بە شێوەی بەردەوام بازنەی بەشداریی سیاسی تەنگتر كردۆتەوە، بەڵام ئەمە تەنیا بۆ ئۆپوزیسیۆنی كورد نیە، بەڵكوو شامڵی حاڵی رەخنەگرانی ناوخویی ئێرانیش دەبێت و مكانیزمە دژە دێموكراتیكەكان زیاتر لە هەموو كاتێك خۆی دەردەخات و ئەمە فاكتۆرگەلێكی بەهێزن كە شتێك بە ناوی بەشداریی سیاسی لە ئێران بوونی نیە و لەلایەكی دیكەوە مەجلیسیش وەكوو پارلەمانێكی راستەقینە جێگە و پێگەی لەنێو ئەو سیستمەدا نیە و ئەو كەسانەی كەلە فیلتەرەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران تێپەڕ دەبن توانای دەربڕینی قسەیان نیە و لە ئاستی نەتەوەییەوە ئەو هەڵاواردنە بەرچاوەی كە لەناو نەتەوەی كورد و فارسدا كراوە و چەندین ساڵە كورد ویستە مەزهەبی و سیاسییەكانی پشت گوێ خراوە و نەدەكرا بڕیاری بەشداری كردن بدرێت.
ئاژانسی كوردپا روو بە قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموكراتی كوردستان، ئەم پرسیارە دەكات كە ئێوە بە پێچەوانەی ئەم جارە هەڵبژاردنی خولی دەیەمی سەركۆماریتان تەحریم نەكرد و داوتان لە خەڵكی كرد كە بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بكەن، ئێستا پرسیارەكە لێرە دایە چ ئاڵوگۆڕێك لە سیاسەتی حیزبەكەتان و هەروەها ناوچەدا هاتۆتە ئاراوە كە هەڵوێستی تەحریمتان گرتە بەر؟ دیارە كۆمەڵێك ئاڵوگۆڕ هەن كە پێوەندییان بە ناوخۆی ئێرانەوە هەیە و لە هەڵبژاردنی پێشوودا دەرەتانێك هەبوو بۆ ئەوەی كە هێندێ كاندیدا نوێنەرایەتیی ویست و داخوازییەكانی خەڵكی بكەن و ئەوە لە بەرنامەكانیاندا هەبوو و لە هەمان كاتیشدا بەشێك لە پاڵوێراوەكانی سەركۆماری نوێنەری نیزام نەبوون، بەڵام لە خولی ئێستا هیچ دەرەتانێك بە نوێنەران نەدراوە كە ویست و داخوازیی تایبەتیان هەبێ و هەوڵ دراوە گۆڕەپانەكە زیاتر بەرتەسك بكەنەوە، هەروەها بە شێوازێك ویستی خەڵكی سەركوت كرا و گەیشتینە سەر ئەو قەناعەتە كە بەشداری كردن مانایەكی نیە.
لە خولی پێشوودا نیزام دەیهەویست كەشێكی وا بخوڵقێنێت كە خەڵكێكی زیاتر بەشداریی هەڵبژاردن بكەن، بەڵام لەم خولەدا هەستیان بەوە كرد كە ئەگەر جارێكی دیكە دەرەتان بە خەڵكی بدەن كە بێنەوە سەرشەقام ئەوە ورەی خەڵكی بەرز دەبێتەوە و بۆیان كونترۆل ناكرێت و نەیانهێشتووە ئەو نوێنەرانەی كەلە خەڵكی نزیكن سەلاحییەتەكانیان تەئید بكرێت.
كوردپا لە زاری رەزا كەعبی، جێگری سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانەوەـ وڵامی ئەو پرسیارەی خەڵكی دەداتەوە كە بۆچی هەموو حیزبەكان پێكەوە نەیانتوانیوە لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا ئەو هەڵبژاردنە تەحریم بكەن هەتا كاریگەریشی زیاتر بێت؟ بێگومان ئەگەر ئەو هەوڵە درابا و هەمووی پێكەوە بە شێوەی هاوبەش بەرەو تەحریم رۆێشتبان، بە پلەی یەكەم سەروەرییەكی گەورە بوو بۆ خۆیان و بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستانیان پتەوتر دەكرد، بەڵام ئەوەی كە بۆچی نەكراوە جێگای لێكدانەوە و شرۆڤەیه.سەرەڕای ئەوەی كە حیزبەكان بەتاك ناتوانن كاریگەرییەكەی ئەوتۆیان هەبێ و سەرەڕای ئەوەی كە ناتوانن دەنگیان ببێتە دەنگی هەموو بزوتنەوەكە و هەموو باش دەزانن سەردەمی یەك نەتەوە یەك حیزب بەسەر چووە، بەڵام ئێستاش بەشێك لە حیزبەكان نەهاتوونەتە سەر ئەو بڕوایە، بەڵام كاری هاوبەش هەر ئاوا نایەتە دی و دەبێ خۆتی بۆ ماندوو بكەی و لەخۆ بردوویی لە خۆت نیشان بدەی و دەبێ دەست لە بەرژەوەندیی حیزبی هەڵبگری و روو بكەیتە بەرژەوەندی نەتەوەیی و بەڕای من ئەو نەریتە زۆر كەمە و نەریتی ئێمە زیاتر دژایەتی و پڕوپاگەندە لە هەمبەر یەكتردا بووە و ئەو نەریتە هێشتا ماوە و بەهێزە و زیاتر وەكوو كولتووری لێهاتووە.