ئازاد کرانی ئەنوەر حوسێن پەناهی پاش ٦ ساڵ زیندانی

22:31 - 21 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: ئەنوەر حوسێن پەناهی زیندانیی سیاسیی کورد پاش ٦ ساڵ راگیران لە زیندان، بە سپاردنی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا.

بەپێی راپۆرتی کۆمیتەی هەواڵنێرانی مافی مرۆڤ، ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی گەلاوێژ \"ئەنوەر حوسێن پەناهی\" زیندانیی سیاسیی کورد پاش ٦ ساڵ زیندانی کران، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

یەکێک لە براکانی ئەو زیندانییە سیاسییە رایگەیاندووە، ئەنوەر حوسێن پەناهی لە پاش دەستبەسەر کران، حوکمی ئێعدامی بۆ بڕایەو، بەڵام ئەو حوکمە بەهۆی سکاڵا و نارەزایەتیی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ بۆ ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری گۆڕانی بەسەردا هات و لە کاتێکیشدا کە ٣ مانگ لە ماوەی زیندانییەکەی مابوو بە سپاردنی بارمتە لە زیندان ئازاد کراوە.

ئەنوەر حوسێن پەناهی بۆ یەکەمجار ساڵی ١٣٨٦ لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیرانەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٦ مانگ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری قوروە راگیرابوو کە دواتر لە کۆتایی بەهاری ساڵی ١٣٨٧دا لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر \"حوسێن بابایی\" بە تاوانی \"هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی\" حوکمی ئێعدامی بۆ بڕایەوە.