ئازاد کرانی زیندانییەکی دیکەی سیاسیی کورد لەمەریوان

15:45 - 21 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە زیندانیانی سیاسیی کورد کە بە ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو، پاش تێپەڕاندنی ٤ ساڵ لە ماوەی حوکمەکەی لەزیندان ئازاد کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا زیندانییەکی سیاسیی کورد بەناوی \"محەممەد غەریب فاتمی\" خەڵکی گوندی \"ئاڵمانە\"ی سەربە شاری مەریوان بەپێی یاسای ئازادیی مەرجداری زیندانیان، لەزیندان ئازاد کرا.

غەریب فاتمی ناسراو بە حەمە غەریب ئاڵمانە، سەرەتای مانگی بەفرانباری سالی ١٣٨٨ لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر لە مانگی رەزبەری ساڵی ٨٩ی هەتاویدا حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە.

محەممەد غەریب ئاڵمانە پێشتریش بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بە تاوانی هاوکاری کردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، زیندانی کرابوو.

هەروەها رێکەوتی ١٨ی مانگی خەرمانان کەیوان غوڵامی زیندانی سیاسیی کورد کە بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو، پاش تێپەڕاندنی ٣ ساڵ زیندانی کران، لەزیندان ئازاد کرا.

لەماوەی یەک مانگی رابردوودا کۆمەلێک لە زیندایانی سیاسیی کورد لە زیندان ئازاد کراون، کە سەرجەمیان بەپێی یاسای ئازاد کرانی مەرجداری زیندانیان بوون، بەڵام زۆرێک لە زیندانیانی سیاسی کوردی وەک \"عەدنان حەسەن‌پوور\" رۆژنامەنووسی کورد پاش زیاتر ٧ ساڵ راگیران لە زیندان و \"محەممەد سەدیق کەبوودوەند\" سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان پاش ٦ ساڵ راگیران لە زیندان و تێپەڕاندنی زیاتر لە نیوەی حوکمەکانیان، هێشتا لە زینداندا ماونەتەوە.