90% مادەی هۆشبەری سەقز لەناو بینایەكی مێژوویی دەفرۆشرێت

16:09 - 24 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: هەواڵدەریی \"میراتی فەرهەنگی\" بڵاوی كردەوە، 90%ی مادەی هۆشبەر و بەتایبەت حەشیش لە شاری سەقز لەناو بینای مێژوویی كاروانسەرای تاژەوانچی (سرای اتحاد) دەفرۆشرێت.

بەپێی راپۆرای هەواڵدەریی میراتی فەرهەنگی (CHN) كاروانسەرای تاژەوانچی لە سەقز كە بە یەكێك لە گرینگترین ناوەندە بازرگانییەكانی دەورەی قاجاڕییە دێتە ئەژمار، ئێستا بۆتە بازاری كۆنەفرۆشان و بینا داڕووخاوەكانی بۆتە پەناگەیەك بۆ حەوانەوەی تووشبوان بە مادە هۆشبەرەكان و 90%ی مادە هۆشبەرەكانی ئەو شارە لەو شوێنە کڕین و فرۆشی پێدەکرێت.
\"6068.jpg\"
لە درێژەی راپۆراەكەی هەواڵدەریی میراتی فەرهەنگیدا هاتووە، بازرگانانی ناوداری ئێرانی و عوسمانی هەتا سەرەتای سەردەمی رەزاشا و هاوكات لەگەڵ كۆتایی ئیمپراتۆری عوسمانی و دەسپێكی كۆماری مستەفا كەماڵ ئەتاتۆرك لە ناوەندە بازرگانییەكانی ئێران و بۆ وێنە كاروانسەرای تاژەوانچی لە شاری سەقز دانوستانی بازرگانییان كردووە.

ئێستا بەهۆی كەمتەرخەمیی لێپرسراوان نەتەنیا80%ی بیناكانی بەتەواوەتی داڕووخاون، بەڵكوو بە وتەی شایەتحاڵان 90% مادەی هۆشبەری شاری سەقز لەو كاروانسەرایە دابین دەكرێت.

كاروانسەرای تاژەوانچی دووقاتە كە قاتی یەكەم نزیك بە 10 ئەستووندەكی بازنەیی هەیە كە بە شێوەیەكی جوان و سەرانجڕاكێش ساز كراوە و قاتی دووەمی كاروانسەرا هەیوانێكی بەربڵاو و درێژە كە بە ئەستوونی داری ساز كراوە و میچەكەی بە دار داپۆشراوە و چەندین بینای دیكەی لەو شێوەیە لەناو شاری سەقز دەبیپنرێت.

قاتی یەكەم پێكهاتووە لە حەوشەسیەكی لاكێشە كە حەوزەێك لەناوەڕاستی دایە و چەندین حوجرەی جۆراوجۆری هەیە كە لە حاڵی حازردا بەشێك لەم حوجرانە لەناوچوون و هێندێكیان بە سیمایەكی داڕووخاوەوە كراونەتە دووكانی كۆنەفرۆشی.
\"6069.jpg\"
هێندێك لە لایەنگرانی میراتی فەرهەنگی و ئاسەوارە مێژووییەكانی سەقز لەو باوەڕەدان كە ناوەندە پێوەندیدارەكان هیچ گرینگییەك بۆ پاراستنی كاروانسەرای تاژەوانچی نادەن، هەر بۆیە بۆتە كەلاوە و پەسێوگەیەك بۆ موعتادەكان و شوێنی كەڵەكەبوونی زبڵ و پیسایی و جار بەجار ئاوری تێبەر دەبێت.

كاروانسەرای تاژەوانچی (سرای اتحاد) لە سەرەدەمی قاجاڕییەدا ساز كراوە و یەكێك لە ناوەندە گرینگە بازرگانییەكان بووە كە هاوشانی كاروانسەرای شارەكانی زەنجان، هەمەدان، تەورێز، سلێمانی و مووسڵ و حەڵەب چالاك بووە.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران زۆر بینا و ئاسەواری مێژوویی و كەونارایی بەهۆی كەمتەرخەمی وپشت گوێ‌ خران لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەكانی حكوومەتەوە رووبەڕووی مەیترسیی لەناوچوون بوونەتەوە.