بۆجنوورد؛ مستەفا عەلیپوور، کوردی کرمانج و بریندار و دەسبەسەرکراوی خۆپیشاندانەکانی بەفرانبار، سزای ٤ ساڵ و ٢ مانگ بەندکران و ٧٤ قامچی بەسەردا سەپێندرا
«مستەفا عەلیپوور»، هاووڵاتیی تەمەن ٣٢ ساڵانی کوردی کرمانج و خەڵکی بۆجنوورد کە لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا بە زیاتر لە ١٠٠ فیشەکی ساچمەیی بریندار و دواتر دەسبەسەر کرابوو، لەم دواییانەدا لەلایەن دادگای ئینقلاب و دادگای کەیفەریی شاری بۆجنووردەوە، لە دوو دۆسییەی جیاوازدا سەرجەم سزای ٤ ساڵ و ٢ مانگ و ڕۆژێک بەندکرانی داسەپاوی و ٧٤ قامچی بەسەردا سەپێندراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بەم هەواڵە بە "کوردپا"ی ڕاگەیاند؛ مستەفا عەلیپوور لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی بۆجنووردەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «ئیزانلوو» بە تۆمەتەکانی «پوڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی» و «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ڕۆژێک بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپێندراوە. ئەم سزایە لە پووشپەڕی ١٤٠٥دا بە شێوەی زارەکی پێی ڕاگەیەندراوە. بەوتەی ئەم سەرچاوەیە، دادگاییەکەی تەنیا لە یەک دانیشتنی ئانلاینی ١٥ خولەکیدا بەڕێوە چووە، لە کاتێکدا ناوبراو لە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٤دا لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەدا بووە و لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش کراوە.
هاوکات لقی ١٠٤ی دادگای کەیفەریی بۆجنوورد، ئەم هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی «تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی» بە ٨ مانگ بەندکرانی داسەپاو و ٧٤ قامچی مەحکووم کردووە. ئەم سزایەش لە ٢٦ی پوشپەڕی ١٤٠٥دا پێی ڕاگەیەندراوە.
بەپێی سەرچاوەکە، دادگا مافی هەڵبژاردنی پارێزەری سەربەخۆی لە مستەفا سەندووەتەوە و گوشاری خستووەتە سەری تا لە نێوان پارێزەرانی دیاریکراوی دەسەڵاتدا یەکێک هەڵبژێرێت، بەڵام ناوبراو لەبەر ئەم هۆکارە ڕەتی کردووەتەوە پارێزەر بگرێت.
مستەفا عەلیپوور مانگێک دوای برینداربوونی، لە ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤دا لەلایەن هێزەکانی ئاگاهیی بۆجنووردەوە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. دوای زیاتر لە مانگێک دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، لە ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٤دا بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤دا بە فیشەکی ساچمەیی هێزەکانی ڕێژیم بە سەختی بریندار بوو. لە ترسی دەسبەسەرکردن سەردانی نەخۆشخانەی نەکرد و بە یارمەتیی پزیشکێک زیاتر لە ٧٠ ساچمە لە جەستەی دەرهێنران، بەڵام هێشتا ژمارەیەک ساچمە لە جەستەیدا ماونەتەوە و بوونەتە هۆی ئازار و کێشەی تەندروستی بۆی.
مستەفا عەلیپوور کوڕی فەرەیدوون، تەمەن ٣٢ ساڵ، خێزاندارە و خاوەنی منداڵە.