بەندیخانەی بۆجنوورد؛ عەلی قشڵاقی، لاوی ١٩ ساڵانی کوردی کرمانج و دەسبەسەرکراوی بەفرانبار، خەریکی تێپەڕاندنی ٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانە
٧ی گەلاوێژی ۱۴۰۵؛ «عەلی قشڵاقی»، لاوی ١٩ ساڵانی کوردی کرمانج و لە دەسبەسەرکراوانی مانگی بەفرانباری ۱۴۰۴، کە پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری بۆجنووردەوە سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، کۆتاییەکانی جۆزەردانی ۱۴۰۵ بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆجنوورد گوازرایەوە و لە ئێستادا خەریکی تێپەڕاندنی ٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی داسەپاوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ «عەلی قشڵاقی»، لاوی ١٩ ساڵانی کوردی کرمانج و خەڵکی بۆجنوورد سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور، کە لە ڕەوتی دەسبەسەرکردنەکانی مانگی بەفرانباری ۱۴۰۴دا دەسبەسەر کرابوو، ڕۆژی ٢٣ی جۆزەردانی ۱۴۰۵ لەلایەن لقی دووهەمی دادگای ئینقلابی شاری بۆجنووردەوە بە سەرۆکایەتیی «سادق ڕەفیعی» بە تۆمەتەکانی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی نەتەوەیی» و «پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی» لە سەرەتادا بە ٤ ساڵ بەندکران مەحکووم کرا کە ٢ ساڵ و ٦ مانگی هەڵپەسێردراو بوو. دوای قەبووڵکردنی بڕیارەکە (تسلیم بە رأی)، ئەم سزایە بۆ ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران کەم کرایەوە کە ساڵێکی هەڵپەسێردرا و لە ئەنجامدا، ٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانە داسەپاوەکەی جێبەجێ کراوە.
«عەلی قشڵاقی» ڕۆژی ٥ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴، بەبێ بەڵگەی یاسایی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. ناوبراو دوای مانگێک لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، سەرەتای ڕەشەمەی ۱۴۰۴ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ئەم لاوە کوردە لە ماوەی مانگێک دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.