مەهاباد؛ پەیمان محەممەدی مورادی دوای حەفتەیەک لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

21:34 - 8 گەلاوێژ 2726

٧ی گەلاوێژی ۱۴۰۵؛ «پەیمان محەممەدی مورادی»، لاوی کوردی خەڵکی مەهاباد، ڕۆژی ڕابردوو دوای حەفتەیەک لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی، بە دانانی بارمتەی ۵۰۰ ملیۆن تەمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ «پەیمان محەممەدی مورادی» ڕۆژی سێشەممە ٦ی گەلاوێژی ۱۴۰۵، دوای حەفتەیەک لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی، بە دانانی بارمتەی ۵۰۰ ملیۆن تەمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

پێشتر کوردپا ڕاپۆرتی دابوو کە ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی تیرماھی ۱۴۰۵، «پەیمان محەممەدی مورادی» کە لە ڕۆژانی پێشتردا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بانگی ئیدارەی ئیتلاعات کرابوو و مۆبایلەکەی بەبێ بەڵگەی یاسایی زەوت کرابوو، دیسانەوە بەم بیانوویە کە بۆ وەرگرتنەوەی مۆبایلەکەی سەردان بکات، بانگی ئیدارەی ئیتلاعات کرایەوە. بەڵام دوای سەردانکردنی، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، چەند ڕۆژ پێش دەسبەسەرکردنیشی هێزە ئەمنییەکان وێڕای بانگکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە، مۆبایلەکەیان بەبێ پێدانی هیچ جۆرە بەڵگە یان مۆڵەتێکی یاسایی زەوت کردبوو و پاشان بەم بیانوویەی کە بۆ وەرگرتنەوەی سەردان بکات، ناوبراویان دووبارە بانگی ئیدارەی ئیتلاعات کردبووەوە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمباریەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها، پەیمان محەممەدی مورادی لە ماوەی یەک حەفتە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەیدا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و دەستی بە پارێزەر ڕانەگەیشتووە.