بەرزاییەکانی پاتاق؛ دەستپێکردنی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەربڵاو و داواکاریی چالاکوانی ژینگەپارێز بۆ کوژاندنەوەی

21:24 - 8 گەلاوێژ 2726

٧ی گەلاوێژی ۱۴۰۵؛ بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرزاییەکانی «پاتاق» لە شاری سەرپێڵی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان تووشی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەربڵاو بوو؛ ئاگرکەوتنەوەیەک کە تا ئێستا بووەتە هۆی سووتانی ژمارەیەکی زۆر لە دارەکانی بەڕوو، جۆرەکانی تری ڕووەکی خۆماڵی و هەروەها لەناوچوونی ئاژەڵە کێوییەکان و ژینگەی ئەم ناوچەیەی بەرەوڕووی مەترسییەکی جیددی کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، چڕیی پۆششی دارستانەکان، ئەستەمبوونی ڕێگاکانی گەیشتن و پەرەسەندنی ئاگرەکە، هەوڵی چالاکوانی ژینگەپارێزی بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکەی دژوار کردووەتەوە. هەروەها، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچکام لە دامودەزگا بەرپرسەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە ڕەوانەی ناوچەکە نەکراون و ئەم ئاگرکەوتنەوەیە لە ڕاگەیاندنەکانی حکوومەتیشدا ڕەنگدانەوەی نەبووە.

چالاکوانی ژینگەپارێزی بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک بۆ کۆمەککردن لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا داوای ئامادەبوونی هێزە خۆبەخشەکانیان کردووە و هۆشدارییان داوە کە بەپێی توندی و بەربڵاویی ئاگرەکە، ئاگرەکە خەریکی پێشڕەوی بەرەو کێوی «نەواکێو»ە و لە حاڵەتێکدا ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، زیانی بەربڵاوتر بەر پۆششی ڕووەکی و ژینگەی ناوچەکە دەکەوێت.

بەرزاییەکان و ملەی «پاتاق» لە شاری سەرپێڵی زەهاوی پارێزگای کرماشان و لەسەر ڕێگەی ئیسلام‌ئابادی ڕۆژاوا بۆ قەسری شیرین هەڵکەوتووە. ئەم ناوچەیە لە پۆششی دەوڵەمەندی ڕووەکیی دارستانی و لەوەڕگەکانی ئەستێپی بەهرەمەندە و گرنگترین جۆرەکانی ڕووەکی ئەوە لە دارەکانی بەڕوو، بادامی کێوی و جۆرەکانی ڕووەکی دەرمانی و بەهاری پێکهاتوون.