ئاشخانە؛ عەلیڕەزا سەیدی، لاوی کوردی کرمانج و دەسبەسەرکراوی بەفرانبار، سزای ۳ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

21:18 - 8 گەلاوێژ 2726

٧ی گەلاوێژی ۱۴۰۵؛ «سەید عەلیڕەزا سەیدی»، لاوی ۲۶ ساڵانی کوردی کرمانج و لە دەسبەسەرکراوانی مانگی بەفرانباری ۱۴۰۴، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری بۆجنووردەوە سزای ۳ ساڵ بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپێندرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: «سەید عەلیڕەزا سەیدی»، لاوی ۲۶ ساڵانی کوردی کرمانج و خەڵکی ئاشخانەی سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور، کە لە ڕەوتی دەسبەسەرکردنەکانی مانگی بەفرانباری ۱۴۰۴دا دەسبەسەر کرابوو، لەم دواییانەدا لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی شاری بۆجنووردەوە بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکی» سزای ۳ ساڵ بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپێندراوە. پێڕاگەیشتن بەم دۆسییەیە لە ڕێکەوتی ۲۲ی پووشپەڕی ۱۴۰۵دا بووە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ناوبراو هەروەها سزای لێدانی قامچیشی بەسەردا سەپێندراوە. کوردپا خەریکی بەدواداچوونی وردەکارییەکانی ئەم بەشەی سزاکە، لەوانە ژمارەی قامچییەکان و سەردێڕی تۆمەتە پەیوەندیدارەکان بەم کەسەیە.

«سەید عەلیڕەزا سەیدی» ڕۆژی ۲۰ی بەفرانباری ۱۴۰۴، بەبێ بەڵگەی یاسایی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. ناوبراو دوای ۱۰ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم لاوە کوردە لە هەموو ماوەی دەسبەسەرکردنیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو. هەروەها بەهۆی نەبوونی توانای دابینکردنی تێچووی پارێزەر، لە ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەشیدا لە هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە.